ڕێكخراوەكانی پەنابەران زانیاریی جیاواز دەربارەى سەرنشینانى یەختە نوقمبووەكە بڵاو دەكەنەوە

11-08-2022 04:41
وێنەى ژمارەیەک لە ڕزگاربووانى یەختەکە کە لەلایەن پۆلیسى یۆنانەوە ڕزگار کراون

پەرەگراف

دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران دەڵێت "هیچ كام لە ڕزگابووانی یەختە نوقمبووەكەی ئیجە كە 80 كەس بوون، كورد نین" و كەسوكاری هیچ كۆچبەرێكی كورد و عێراقیش پەیوەندییان بە دەزگاكەوە نەكردووە كە ناسنامەی كۆچبەری بێسەروشوێنبوو تۆمار بكەن.

ئەمە لە كاتێكدایە كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ئەورووپا دەڵێت "یەختەكە 93 كەسی تێدا بووە و سێ‌ بەشیان كوردی هەرێمی كوردستانن".

دەزگاكە لە نوێترین زانیاریدا سەبارەت بەو یەختەی بە دەیان كۆچبەرەوە لە دەریای ئیجەدا نوقم بوو و دەگوترێت زۆرینەی كۆچبەرەكانی كوردن، ڕایگەیاندووە "ئەو كۆچبەرانەی ڕزگاربووی ڕووداوەكەن، هیچیان نە هاووڵاتی كوردن، نە عێراقین".

شێخ حسێن حەمەساڵح، نوێنەری دەزگای لوتكە لە وڵاتی یۆنان، دەڵێت "بەمەبەستی دیاریكردنی ناسنامەی بیسەروشوێنبووانی ئەو ڕووداوە، پۆلیسی دەریاوانیی كەناراوەكانی یۆنان ڕایگەیاندووە لە ئیستادا هیچ زانیارییەكی فەرمی نییە لەبەردەستدا كە بێسەرووشوێن بووەكان هاووڵاتیی عێراقی بن".

هەروەها ئاری جلال، سەرۆكی دەزگای لوتكە، دەڵێت "تا ئێستا هیچ خانەوادەیەكی عێراقی و كورد ناو و ناسنامەی كەسوكاریان لە ئۆفیسی سەرەكی و نوێنەرایەتییەكانی لوتكە تۆمار نەكردووە".

سەرۆكی دەزگای لوتكە جەخت لەوە دەكاتەوە كە "لە كاتی هەر ڕووداوێك لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو لە ڕێگای كۆچی نایاسایی كە ڕووی دابێت، كاتی ویستووە بۆ پشتڕاستكردنەوەی ناسنامەی قوربانییەكان، بەو پێیەی سەرجەم كۆچبەرانی بە نایاسایی كۆچ دەكەن و هیچ لایەنێكی فەرمی ئاگادار نییە لە بوونی ژمارەی دروسست لەناو یەختەكان و ناسنامەی ڕاستەقینەیان".

ئەمە لە كاتێكدایە كە دوێنێ‌ شێخ حسێن حمەساڵح، نوێنەری دەزگای لووتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران، لە یۆنانەوە ڕایگەیاند "یەختێكی كۆچبەران كە ٨٠ كۆچبەری تێدا بووە، لە دەریای ئیجەدا وەرگەڕاوە و ٢٩یان ڕزگاركراون، بەڵام هێشتا ٥۱ كەسیان بێسەروشوێنن".

نوێنەری دەزگای لووتكە لە یۆنان وتیشی "ئەو ٢٩ كۆچبەرەی ڕزگار كراون، عێراقی و ئەفغانی و ئێرانین، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكانیش ئەو ٥١ كەسەی بێسەروشوێنن ژمارەیەكیان كوردن".

هەر ئەمڕۆیش، بەكر عەلی، سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ئەورووپا، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "یەختەكە كاتژمێر پێنجی بەیانیی دوێنێ چوارشەممە لە باشووری دوورگەی ڕۆدووسی یۆنان تێكشكاوە و ٩٣ سەرنشینی تێدا بووە كە كورد، ئەفغانی و ئێرانی بوون و سێ بەشیان كوردی هەرێمی كوردستانن".

بەكر عەلی وتیشی "لەو ژمارەیە ٢٩ كەس ڕزگار كراون كە دوانیان تۆمەتی قاچاخچیبوونیان دراوەتە پاڵ".