بارزانی و خەنجەر: هەڵبژاردنی پێشوەختە هەنگاوێكی باشە بە مەرجێك هەموو لایەك پابەندی ئەنجامەكانی بن

11-08-2022 06:50
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی بارزانی و خەنجەر

پەرەگراف

مەسعود بارزانی و خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانیی سیادەی سوننەکان کۆبوونەوەو هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە "ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە هەنگاوێكی باشە بە مەرجێك كە هەموو لایەك پابەندی ئەنجامەكانی بن".

بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، لە دیدارەكەدا هەردوولا بیروڕایان لەبارەی دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ كرد و، جەخت لەسەر هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێوانیان كرایەوە بۆ دەربازبوون لە چەقبەستوویی سیاسی.

"هەردوولا ئەوەیان دووپات كردەوە كە هەر دەستپێشخەری و هەنگاوێكی نوێ پێویستە بە ئاراستەی باشتركردنی دۆخی سیاسیی عێراق و كۆتایهاتنی قەیرانی سیاسی بێت".

ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەو ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق، پرسێکی جێی مشتومڕو ناکۆکیی نێوان سەدرو چوارچێوەی ھەماھەنگییە، سەدر داوا دەکات دەسەڵاتی دادوەریی پەرلەمان ھەڵبوەشێنێتەوە، چوارچێوەی ھەماھەنگیش سوورە لەسەر تەواوکردنی ڕێکارە دەستورییەکان و ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکھێنانی حکومەتی نوێ و پاشان لە پەرلەمان پرسی ھەڵبژاردنی پێشوەختە بخرێتەبەرباس.