وتارخوێنی نوێژی ھەینی سەدرییەکان: شۆڕش بەردەوامەو ھەرگیزپاشەکشەو سازش ناکەین

12-08-2022 12:31

پەرەگراف

وتارخوێنی نوێژی ھەینی سەدرییەکان ڕایگەیاند، شۆڕشەکەیان بۆ چاکسازیی بەردەوام دەبێ و پاشەکشەو سازش ناکەن تاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێت.

موھەنەد موسەوی لە وتارەکەیدا لە بەردەم پەرلەمانی عێراق، تەئکیدی لە ھەڵوەشانەوەی پەرلەمان و پاشان ھەڵبژاردنی پێشوەختە کردەوە،وتیشی "ئەم شۆڕشە عێراق لە گەندەڵکاران پاکدەکاتەوە".

موسەوی جارێکی دیکە ناوچەی سەوزی بەغدای بە "ئازادکراو" ناوبرد.

ئەمڕۆ لە بەغداد سێ خۆپیشاندانی جیاواز بەڕێوەدەچێت، سەدرییەکان لە بەغدادو تەواوی پارێزگاکانی دیکەو چوارچێوەی ھەماھەنگی وگروپە مەدەنییەکان تەنھا لە بەغداد دەچنەسەر شەقام.

موقتەدا سەدر ئەمڕۆ پەیامێکی ئاڕاستەی چوارچێوەی هەماهەنگی کردو وتی "ئێمەو جەماوەری چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر هەبوونی گەندەڵی هاوڕاین. ئێمە لە پێناوی جەماوەری چوارچێوەشدا خۆپیشاندان دەکەین، سەیرە پشتیوانیمان ناکەن".

سەدر وتیشی "با خۆپیشاندانتان بۆ چاکسازی بێت نەک بۆ شکۆی دەوڵەت و حکومەت، دەستمان بۆ جەماوەری چوارچێوە درێژ دەکەین، بەڵام بۆ سەرکردەکانیان ئەمە ناکەین".