سەلمان ڕووشدی، ئەو نووسەرەی خومەینی فەتوای کوشتنی دەرکرد، بە چەقۆ هێرشی کرایە سەر

12-08-2022 10:13
سەلمان ڕووشدی

پەرەگراف

سەلمان ڕووشدی، نووسەری بە ڕەچەڵەک هیندی و نووسەری کتێبی ئایەتە شەیتانییەکان کە زیاتر لە ٣٠ ساڵە ھەڕەشەی کوشتنی لەسەرە لەلایەن ئیسلامییە تووندڕەوەکانەوە، ئەمڕۆ چەند خولەکێک پاش دەستپێکردنی وتارێکی لە پەیمانگایەکی شاری چاوتاوکوا لە  ڕۆژئاوای ویلایەتی نیویۆرک، لەلایەن کەسێکەوە بە چەقۆ هێرشی کرایە سەر.

سەلمان ڕووشدی، چەقۆ بەر ملی کەوتووە و بە هێلیکۆپتەر گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و هێرشبەرەکەش دەستگیر کراوە.

دوایین زانیاری لەسەر ئەو ڕۆماننووسە ئەوەیە کە لەژێر نەشتەرگەریدایە.

ڕووشدی ساڵی ١٩٨٨ ڕۆمانی ئایەتە شەیتانییەکانی بڵاوکردەوە کە ئایەتوڵڵا خومەینی و زۆرێک لە سەرکردە و کەسایەتییە موسڵمانەکانی جیهان دەڵێن، "ئەو ڕۆمانە سووکایەتی بە پێغەمبەری ئیسلام (محەمەد) دەکات".

خومەینی، ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، بەهۆی نووسینی ڕۆمانی (ئایەتە شەیتانییەکان) کە چوارەم کتێبی سەلمان ڕووشدی بوو، ساڵێک دوای بڵاوبوونەوەی ڕۆمانەکە فەتوای کوشتنی بۆ دەرکرد، ئەمەش ئەو نووسەرەی ناچارکرد نۆ ساڵ خۆی لەبەرچاوی خەڵک ون بکات.

زیاتر لە ٤٠ دامودەزگای جیاوازی ئێران، بە کۆی گشتی نزیکەی چوار ملیۆن دۆلاریان وەکوو خەڵات بۆ کوشتنی سەلمان ڕووشدی تەرخان کردووە.

دامەزراوەی (١٥ی خورداد) کە دوای شۆڕشی ئێران لەلایەن خومەینییەوە دامەزرێندرا و ئێستایش لەژێر چاودێریی خامنەییدایە، سێ ملیۆن٣٠٠ هەزار دۆلاری وەکوو خەڵات بۆ کوشتنی سەلمان ڕووشدی ڕاگەیاندووە.

یەکێکی دیکە لەو دەزگایانە، ئاژانسی هەواڵی فارسی نزیک لە سوپای پاسدارانە کە ١٠٠ هەزار دۆلاری بۆ کوشتنی ئەو نووسەرە وەکوو خەڵات دیاری کردووە.

لەو ناڕەزایەتییانەی کە دوای بڵاوبوونەوەی ڕۆمانەکەی سەلمان ڕووشدی سەریان هەڵدا، چەندین کەس کوژران و ژمارەیەکیش لەو کەسانەی ڕۆمانەکەیان وەرگێڕاوە، کوژراون.

سەلمان ڕووشدی، ڕۆماننووسێکی به ڕەچەڵەک هیندییە کە لە ئەمریکا دەژی، تەمەنی ٧٥ ساڵە و خاوەنی ١٤ ڕۆمانە.