پارتی بە مەرج پاڵپشتی لە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات

13-08-2022 12:24

پەرەگراف

مەكتەبی سیاسیی پارتی هەڵوێستی فەرمیی خۆی دەربارەی پێشهاتەكانی عێراق ڕاگەیاند و پاڵپشتی لە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات، بە مەرجی ئەوەی "هەرموو لایەنەكان ڕێك بكەون و بەڵێن بدەن بە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن ڕازی بن".

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا داوایش لە ھەموو لایەنەكان دەكات "ھەنگاوی جیددی و پێویست و بەپەلە بگرنە بەر بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەكی بەرھەمدار و سەركەوتوو لەسەر بناغەی پشتبەستن بە بنەماكانی دەستووری عێراق بۆ ڕزگاركردنی وڵات لەو دۆخە چەقبەستووییەی ئێستای".

دەقی ڕاگەیەندراوی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان:

سەبارەت بە بارودۆخ و ئاڵۆزیە سیاسییەكانی ئەم دواییەی عێراق پارتی دیموكراتی كوردستان ناڕەزایی و ناڕەحەتی خۆی لە ھەمبەر بارودۆخ و تەنگژەی سیاسی ئێستای عێراق دەردەبڕێت. روونە كە ھەر لە سەرەتای راگەیاندنی ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی عێراق كە لە ئۆكتۆبەری ساڵی 2021 ئەنجامدرا و ئەو دەرھاوێشتە و كێشە و ئاڵۆزی و پێشھاتانەی دوای ھەڵبژاردن بوونە تەگەژەیەك لەھەمبەر دامەزراندنی حكومەتی تازەی عێراق لەسەر بناغەیەكی دەستووریی باوەڕپێكراو و لەسەر بنەمای سیستمی سیاسیی ئێستای عێراقدا لەئاكامدا وڵات گەیشتە لێواری باردۆخێكی سیاسیی داخراو.

لەڕوانگەی ھەستكردن بەوپەڕی بەرپرسیارەتی و لەپێناو بەرژەوەندی وڵاتدا و بۆ پاراستنی عێراق لەو مەترسیانەی كە لەقۆناخی ئێستایدا رووبەڕووی دەبێتەوە داوا لە سەرجەم سەركردە ساسییەكانی سەر گۆڕەپانی عێراق دەكەین كە لە ئاست بەرپرسیارێتی قۆناخی ئێستادابن و داواش لە ھەموو لایەنەكان دەكەین ھەنگاوی جیدی و پێویست و بەپەلە بگرنە بەر بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەكی بەرھەمدار و سەركەوتوو لەسەر بناغەی پشت بەستن بەبنەماكانی دەستووری عێراق بۆ رزگاركردنی وڵات لەو دۆخە چەقبەستوویەی ئێستایدا.

ھەربۆیەش لەپێناو ئەنجامدانی پڕۆسەی چاكسازی و گۆڕانكاری راستەقینە و باشتركردنی بارودۆخی ئێستای عێراق دەتوانرێت رێككەوتن بكرێت لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دوای ئەوەی ھەموو لایەنەكان رێكبكەون و بەڵێنی ئەوەش بدەن كە بەئەنجامی كۆتای ھەڵبژاردنەكان رازیدەبن وەك خۆی و ئەزموونی ھەڵبژاردنەكانی رابردووی عێراقیش دووبارە نەبێتەوە.