فەتوایەك لە ئەجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمەوە دەربارەی گۆڕینی ڕەگەز

13-08-2022 03:42

پەرەگراف

ئەجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستان، لە فەتوایەكدا سەبارەت بە گۆڕینی ڕەگەز، دەڵێت "هەر كەسێك لە زكماكەوە نێرەمووك بێت، دروستە نەشتەرگری بۆ یەكلاكردنەوەی ڕەگەزی ئەنجام بدات". پێشتریش د. عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتیی یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان، فەتوایەكی هاوشێوەی دا. بەڵام هەردوو لا گۆڕینی ڕەگەز جگە لەو حاڵەتە، بە "ڕێگەپێنەدراو و حەرام" ناو دەبەن.

ئەجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستان دەڵێت "گرفتی دوو توخمی (نێرەمووكی) لە زكماكەوە، گرفتی جینیی خیلقییە و كەسی گرفتار بێتاوانە. ئەو جۆرە كەسانە دەبێت پاشگوێ نەخرێن و لەناو كۆمەڵگەدا نەبێزرێندرێن، دەبێت دەستیان بگیرێت تا چارەسەر وەردەگرن و دێنەوە سەر حاڵ و باری سروشتیی خۆیان، هەروەها لە سەر ئاستی حكومەت و دەوڵەتدا پێویستە هاوكاری بكرێن و گرنگییان پێ بدرێت".

ئەنجومەنەكە جەختی لە فەتوایەكی پێشتری خۆی كردووەتەوە كە فەتوای ژمارە (21) لە بەرواری 13/7/2021ـە و دەڵێت "هەر كەسێك لە زكماكەوە، دارای هەردوو ڕەگەز بوو (نێرەمووك) بوو، لایەكی بەهێزتر بوو لە لایەكی دیكەی، یان بەلای خۆیەوە تەواو ڕوون نەبوو كە نێرە یان مێ، وا باشە سەردانی لیژنەی پزیشكیی تایبەتمەند بكات بۆ یەكلاكردنەوەی و چارەسەر كردنی، چونكە لە ڕووی شەرعەوە دروستە نەشتەرگەریی بۆ ئەنجام بدرێت و گوناهبار نابێت".

سەرهەڵدانەوەی ئەم بابەتە پاش ئەوە هات كە هەفتەی ڕابردوو د. عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتیی یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان، لە وەڵامی پرسیاری دكتۆرێكی میسریدا فەتوایەكی هاوشێوەی دەركرد.

ئەمینداری گشتیی یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان لە ڕوونكردنەوەی بابەتەكەدا ئاماژەی بەوە كردووە كە "مرۆڤ سنووردار كراوە لەم دوو ڕەگەزەدا واتە (نێر و مێ‌)، شتێك نییە بە ناوی پێكهاتەی نێرەموك كە وەك ڕەگەزێكی سەربەخۆ بوونی هەبێت، بەڵكو شتی لەو جۆرە لە بەرئەنجامی كەموكووڕی و نەخۆشییەوە سەرهەڵدەدات".

د. عەلی قەرەداغی دەڵێت "ئەگەر پزیشكان گەیشتنە ئەو ئەنجامە كە كەسەكە لە حاڵەتی گومان و دوودڵیدا بێت لە نێوان نێر و مێینەدا، -واتە پێكهاتەیەكی نێرەمووكی بێت بەپێی زاراوەی فیقهناسان- ئەوا دەڕواننە حاڵەتی زۆرینەی رەگەزی تیایدا. كە كامیان زاڵترە".

"جا ئەگەر زۆربەی هۆرمۆنەكان و نیشانەكان نیشانەی نێرینەیی بن، ئەوا بۆیان هەیە باری ئەو كەسە بگۆڕن بۆ نێرێكی تەواو، ئەگەریش زۆربەیان مێینەیی بن، بۆیان هەیە بیگۆڕن بۆ مێینە"، د. عەلی قەرەداغی وا دەڵێت.

بەڵام سەبارەت بە گۆڕینی ڕەگەز "لەبەر ویست و حەز و ئارەزووی كەسی، لە نێرەوە بۆ مێ، یا بە پێچەوانەوە"، ئەنجوومەنی باڵای فەتوا دەڵێت "لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا بە هیچ جۆرێك ڕێگەپێدراو نییە و دروست نییە و حەرامە، چونكە ئەوە گۆڕینی یاسا و ڕێسای خوای گەورەیە و پێی دەوترێت (تغییر خلق الله)، بۆ هیچ كەس نییە ئەو سنوورە ببەزێنێ".

ئەنجوومەنەكە دەشڵێت "هەر پزیشك، یان ناوەندێكی پزیشكی، بەشدار بێت لەم جۆرە نەشتەرگەرییانەدا، گوناهبارە و بەشدارە لەو كارە حەرامە".

ئەجوومەنی باڵای فەتوا ئاماژە بەوەش دەكات كە "لە شەریعەتدا تەنانەت هەموو جۆرە خۆشوبهاندنێكی نێر بە مێ، یان مێ بە نێر، حەرام كراوە".

هەروەها ئەمینداری گشتیی یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان جەخت دەكاتەوە كە "ئەگەر مرۆڤەكە سروشتی بوو، هەموو هۆرمۆنەكان یان نیشانەكان تیایدا نێر یان مێ بێت، ئەوا بە هیچ جۆر دروست نییە ئەو مرۆڤە بگۆڕدرێ‌ بۆ رەگەزێكی تر".

ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێم، داوا لە لایەنی پەیوەندیداریش دەكات "ڕێگری بكات لە هەر هەوڵێكی گۆڕینی ڕەگەز، هەروەها هاوڕەگەزبازی" و دەڵێت "دیاردەیەكی دزێو و حەرامە و پێچەوانەی فیترەت و ڕەوشتی بەرزی مرۆڤایەتی و كوردەوارییە".