دەسەڵاتی دادوەریی وەڵامی سەدری دایەوە: هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە

14-08-2022 11:28

پەرەگراف 

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، داواکارییەکەی سەدری ڕەت کردەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دەڵێت، ئەو کارە لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە.

ئەنجوومەنی دادوەریی لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەش کردووە، تەواونەکردنی ڕێکارە دەستورییەکانی ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکھێنانی حکومەتی نوێ پێشێلکاریی دەستوورن و چەندین جار داوای چارەسەریان کردووە.

ئەنجومەنەکە دەشڵێت، بەڵام ئەوان ناتوانن دەست لە کاروباری دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن وەربدەن و لە مانگی سێی ئەمساڵیش لەلایەن ڕێکخراوەکان و کەسایەتییە سیاسی و ئەکادیمییەکان ھەمان داوایان ئاڕاستە کراوە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، ئەوانیش ھەمان وەڵامیان داونەتەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە موقتەدا سەدر کۆتایی ئەم ھەفتەیەی وەک دوا وادە دیاریکردبوو تا دەسەڵاتی دادوەریی پەرلەمان ھەڵبوەشێنێتەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە.