هادی عامری 'بە دەستپێشخەرییەکی نوێوە' سەردانی کوردستانی کرد

14-08-2022 11:26

پەرەگراف- فەرمان سادق

هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح کە بەشێکە لە چوارچێوەی هەماهەنگی، 'بە دەستپێشخەرییەکی نوێوە' سەردانی هەرێمی کوردستانی کردو لەگەڵ مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی و شاسوار عەبدولواحیدو سەلاحەدین بەھادین و عەلی باپیر کۆبووەوە.

سوهەیلە سوڵتانی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح بە پەرەگرافی وت، عامری لە سەردانەکەیدا بە ڕاشكاوی یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆككۆمار لەنێوان پارتی و یەكێتی تاوتوێ دەكات، ئەگەریش لایەنە كوردییەكان نەگەنە ڕێككەوتن ئەوا ئەو پرسە لەناو پەرلەمانیەكلادەکرێتەوە.

ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی فەتح وتی "هادی عامری دەستپێشخەری نوێی پێیە كە تایبەتە بە پێكهێنانی حكومەتی نوێ تا لەوەزیاتر دوانەکەوێت، پێویستە لەسەر لایەنی كوردستانی پۆستی سەرۆككۆمار یەكلابكەنەوە بۆ ئەوەی پڕۆسەی سیاسی خێراتربێت".

سوهەیلە سوڵتانی ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان ڕازین بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، "بەڵام بەپێی دەستوور پەرلەمان ناتوانێت خۆی هەڵوەشێنێتەوەو پێویستە حكومەتێكی نوێ پێكبهێندرێت و ئەو حكومەتە پێشنیازی هەڵبژاردنی پێشوەخت بخاتە بەردەم پەرلەمان و ئێمەش كێشەمان لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەخت نیە".

سەردانەکەی هادی عامری بۆ کوردستان دوای کۆبوونەوەی هات لەگەڵ محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمان و بڕیارە دوای کوردستانیش بچێتە حەنانەی نەجەف بۆ دیداری موقتەدا سەدر.