كەسوكاری گەنجەكەی سلێمانی: ئاسایش بەئەنقەست تەقەی لە كوڕەكەمان كردووە

15-08-2022 02:16

پەرەگراف

كەسوكاری ئەو گەنجەی كە ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند "لە كاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دوو تیرۆیست شەهید بووە"، دەڵێن "كوڕەكەمان بە ئەنقەست تەقەی لێ‌ كراوە و داوای گرتنبەری ڕێكاری یاسایی دەكەین".

عادل نووری، خاڵی گەنجە كوژراوەكە، لە لێدوانێكدا بۆ ژمارەیەك لە میدیاكان ڕایگەیاند، لە بەردەم گەراجەكەی ئەسحابەسپی تەقە دروست بووە و كوڕەكەی ئەوان فیشەكێكی بەركەوتووە، دواتر ویستوویەتی لە ترسی تەقەكان بە قادرمەی گەراجەكەدا بچێتە خوارەوە، لە دواوە فیشەكێكی دیكەیان پێوە ناوە.

شەوی ڕابردوو ئاسایشی سلێمانی لە ڕوونكردنەوەیەكدا ڕایگەیاند، پاشنیوەڕۆی دوێنێ‌ لە كاتی ڕووبەڕووبوونەوە بۆ دەستگیركردنی دوو تیرۆریست لەلایەن هێزەكانیانەوە لە ناوبازاڕی شاری سلێمانی، هاووڵاتییەك كە "لە خێزانێكی دڵسۆز و خەباتگێڕە، شەهید بوو".

گەنجە كوژراوەكە ناوی ئەحمەد شەوكەتە، كوڕی شەوكەت محەمەدی بەڕێوەبەری دابەشكردنی خۆراكی سلێمانییە. وەكو كەسوكارەكەی دەڵێن، دوو فیشەكی بەركەوتووە، دانەیە بەر سكی كەوتووە و لە پشتییەوە دەرچووە، دانەیەكیش بەر پرشتی كەوتووە و لە سكیەوە دەرچووە.

خاڵی گەنجە كوژراوەكە دەڵێت "كوڕەكەی ئێمە لەگەڵ هاوڕێكانی چووبوونە بازاڕ كەڤەر بۆ مۆبایل بكڕن. سەیارەكەیان بردووەتە گەراجەكەی ئەسحابەسپی، ئیتر لەوێ‌ تەقە دروست بووە".

"بەپێی قسەی ئەو كەسانەی لەوێ‌ بوون، یەكەم فیشەك بەر ئەم كەوتووە، بەڵام بە خۆی نەزانیوە و ڕای كردووە بۆ بن دیواری گەراجەكە، قادرمەیەك هەیە لەوێدا، ویستوویەتی لە ترسی تەقەكان بچێتە خوارەوە، دوای كەوتوون فیشەكێكی تریشیان پێوە ناوە"، عادل نووری وای وت.

خاڵی ئەو كوڕە لەگەڵ ئەوەی كە وتی "جارێ‌ سكاڵا تۆمار ناكەین"، جەختی كردەوە كە چاوەڕێی ڕوونكردنەوەی ئاسایشن و وتی "ئێمە داوا لە ئاسایش دەكەین زۆر بەرپرسانە ئەم كەیسەمان بۆ ڕوون بكاتەوە، ئەگەر بە تیرۆریستەكەیان زانیوە، با جواب بدەنەوە، ئەگەر بە هەڵەیە، دەبێت دادگا بڕیار بدات".

خاڵی گەنجەكە ڕەخنەی لە مامەڵەی هێزەكانی ئاسایش گرت و وتی "ئەگەر تۆمەتباریش بێت، كە فیشەكێكی پێوەیە و چەكیشی پێ‌ نییە، چۆن تەقەی لێ‌ دەكەیت؟! تۆ كە دەچیت بۆ تۆمەتبارێك، دەیگریت، تەنانەت ئەگەر چەكیشی پێ‌ بێت، دەبێت شوێنێكی بریندار بكەیت كە نەمرێت".

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی لە ڕوونكردنەوەكەیدا ڕایگەیاندووە كە "دوابەدوای ڕووداوەكە، دەستبەجێ لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكهێنراوە و لێكۆڵینەوە بەردەوامە".

عادل نووری، خاڵی ئەحمەد، پێی وایە "ئەمەی كە ڕوو دەدات لە نەزانین نییە" و دەڵێت "ئەو برادەرانەی كە لە ئاسایشن، خولیان بینیوە، بەرنامەیان دەدرێتێ‌، هیچ هێزێك نییە پێیان بڵێت تەقە بكە".