پارێزەرانیان: باری تەندروستیی پێنج دەستگیركراوە مانگرتووەكەی شیلادزێ‌ زۆر زۆر خراپە

15-08-2022 04:28

پەرەگراف

پارێزەرانی پێنج دەستگیركراوە مانگرتووەكەی شیلادزێ‌ دەڵێن "باری تەندروستیی دەستگیركراوەكان زۆر زۆر خراپە، داوا دەكەین سەرۆكی داواكاری گشتی بە زووترین كات وەڵامی نووسراوی ئازادكردنیان بە مەرج بداتەوە تا كۆتایی بە مانگرتنەكەیان بهێنن و ئازاد بكرێن و بگەڕێنەوە ناو كەسوكاریان".

ئەو پارێزەرانە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری پەرەگراف ئامادەی بوو، وتیان "لە ٢١-٦-٢٠٢٢ دادگای كەتنی دەشتی هەولێر نووسراوی بۆ داواكاری گشتی كردووە كە ئایا ئەم كەسانە ئیفراج شەرتی (ئازادكردنی مەرجدار) دەیانگرێتەوە؟ تا ئێستا داواكاری گشتی وەڵامی ئەو نووسراوەی نەداوەتەوە".

پارێزەرەكان ئاماژەیان بەوە كرد كە داواكاری گشتی داوای دۆسیەی دەستگیركراوەكانیان كردووە، بەڵام كاتێك بۆ ئەو مەبەستە سەردانی چاكسازیی گەورانی هەولێریان كردووە، پێیان وتوون كە دۆسیەكانیان ڕەوانەی داواكاری گشتی كردووە.

"ئەو پێنج دەستگیركراوە ئیفراج شەرتی دەیانگرێتەوە و دەبوو لە ١٦-٦-٢٠٢٢ ئازاد بكرێن، بەڵام تا ئێستا دەستی دەستیمان پێ دەكەن و ئازادیان ناكەن"، پارێزەرەكان وا دەڵێن.

زیاتر لە 50 سزادراو لە چاكسازیی گەورانی هەولێر ماوەی 25 ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە و داوای ئازادكرنی بەمەرج دەكەن، ژمارەیەك لەو كەسانە ڕۆژنامەنووس و چالاكانی سزادراوی بادینان.

هەر لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا حەمەدەمین زێباری، باوكی گۆهدار زێباری كە یەكێكە لە سزادراوە مانگرتووەكانی بادینان، وتی "ڕەوشی گۆهدار زۆر خراپە. ئەمڕۆ 23 ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە".

باوكی گۆهدار وتیشی "بەپێی بڕیاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دەبوو هەشت هەفتە لەمەوبەری ئازاد بكرێن، بەڵام یاسا سەروەر نییە".