پەرەگراف ڕێككەوتنێكی پارتی و یەكێتی تایبەت بە عێراق و پۆستی سەرۆككۆمار ئاشكرا دەكات

15-08-2022 09:40

پەرەگراف

پارتی و یەكێتی ڕێككەوتوون وەرەقەیەكی هاوبەش ئامادە بكەن بۆ پرسەكانی تایبەت بە عێراق و یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆككۆمار.

بە وتەی دوو سەرچاوەی ئاگادار بۆ پەرەگراف، پارتی و یەكێتی "گەیشتوونەتە ڕێككەوتن بۆ ئامادەكردنی وەرەقەیەكی" هاوبەش لەسەر پرسەكانی بەغداد و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ڕووداوەكانی عێراق و پشكی كورد.

ئەو سەرچاوانە ئەوەش دەخەنەڕوو، پۆستی سەرۆككۆمار "یەكێك دەبێت لە خاڵەكانی وەرەقە هاوبەشەكەیان و لەسەر ئەو پۆستە گەیشتوونەتە لێكتێگەیشتن".

بەپێی ئەو لێكتێگەیشتنە، سیناریۆی ساڵی ٢٠١٨ دووبارە نابێتەوە كە پارتی و یەكێتی هەریەكەیان بە كاندیدێكەوە بچنە هۆڵی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار.

ئەمە لە كاتێكدایە كە لە ماوەی ڕابردوودا یەكێتی پێشنیارێكی پارتیی بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆككۆمار ڕەت كردەوە. لەوباریەوەوە پێشتر بەرپرسێكی باڵای یەكێتی بە پەرەگرافی وت "پارتی بە پاساوی ئەوەی پۆستی سەرۆككۆمار پشكی كوردە و پەرلەمانی كوردستان نوێنەرایەتی خەڵكی كوردستان دەكات، پێشنیاری كردووە پرسی كاندیدێكی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆككۆمار بە دەنگدان لە پەرلەمانی كوردستان یەكلایی بكرێتەوە، بەڵام ئێمە ئەوەمان ڕەت كردووەتەوە".

ئەو بەرپرسەی یەكێتی وتیشی "پارتی لەگەڵ پێكهاتەكان، نیوە كۆ یەكی پەرلەمانی كوردستانیان هەیە و هەر دەنگدانێك لە بەرژەوەندیی ئەوان یەكلا دەبێتەوە. یەكێتی سەرۆككۆمار بە ماف و پشكی خۆی دەزانێت نایخاتە پڕۆسەیەكی هەڵبژاردنی لەو جۆرە".

پاش ئەوەی پارتی و یەكێتی نەیانتوانی لە دوای دەستپێكردنی دانوستانەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق لەسەر پۆستی سەرۆككۆمار بگەنە ڕێككەوتن، هەردوولا بە كاندیدی جیایان بۆ ئەو پۆستە پێشكەش كرد. بەڵام ململانێكانی نێوماڵی شیعە و شكستهێنانی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار، وای كرد ململانێكەیان نەگاتە ناو پەرلەمان.

لە ئێستادا كە پرۆسەی سیاسیی عێراق پەكی كەوتووە، پاش چەند كۆبوونەوەیەكی نێوان مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، لێكتێگەیشتن بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوانیان هاتووەتە ئاراوە.

* یەکێتی پێشنیارێکی پارتی ڕەتدەکاتەوە بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار

* پارتی و یەكێتی بۆ گفتوگۆ لەسەر كاندیدێكی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆككۆمار كۆدەبنەوە