کۆماندۆ: بۆ ڕێگریکردن لە داگیرکردنی زەویی جوڵە بە هێزەکانمان کرا بەرەو شارەوانی سلێمانی

16-08-2022 12:01
بافڵ تاڵەبانی - ئاکام عومەر فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆ

پەرەگراف

فەرماندەیی کۆماندۆی یەکێتی ڕوونکردنەوە دەدات لەبارەی جوڵەکردن بە هێزەکانیان بەرەو شارەوانی سلێمانی و دەڵێت، بۆ ڕێگریکردن بووە لە داگیرکردنی زەوی لەلایەن چەند بەرپرسێکی حیزبی و حکومی،  شارەوانیی سلێمانیش ڕایگەیاند، "کۆمەڵێک مافیا بە ناوی حیزب و بەرپرسەوە سەرانە لە خەڵک وەردەگرن".

کۆماندۆ لە ڕوونکردنەوەکەیدا دەڵێت "دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردوو لەلایەن چەند بەرپرسێکی نابەرپرسی حزبی و حکومی لە ژێر فشاری هەڕەشە هەستان بە ئیفرازکردنی چەندین پارچە زەوی و داگیرکردنی بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان و ڕێگریکردن لەئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەکی ستراتیجی کە بۆ خزمەتی شارەکە ئەنجام ئەدران. ئەمڕۆ بەفەرمانی سەرۆک باڤڵ جەلال تاڵەبانی بۆ ڕێگریکردن لەو داگیرکارییە جوڵە بەهێزەکانی کۆماندۆی کوردستان کرا بەرەو بەڕێوبەرایەتی شارەوانی سلیمانی بۆ پاکتاوکردنی گەندەڵکاران و دەستگیرکرنی ئەو کەسانەی ڕێگربوون لە ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ناو شاری سلیمانی".

هاوکات لەیلا عومەر سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "کۆمەڵێک خەڵک پەیدابوون بوونەتە مافیا بۆ زەوی و خانوو و کۆشکەکانی شارەوانی سلێمانی و دەستیان بەسەر ئەو مووڵکانەدا گرتووە و کۆمەڵێک خەڵکی دەموچاو دووبارە پارە و سەرانە لە خەڵک وەردەگرن".

سەرۆکی شارەوانی ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵئەوەی خۆیان پۆلیسی شارەوانییان هەیە، بەڵام ژمارەیان کەمەو پشتیوانییان نییە، هەربۆیە داوای پشتیوانییان لە ئاسایشی سلێمانی کردووە، وتی "ئەوەی کاریگەریی کردەسەر ئێمە کۆمەڵێک لەو کەسانە بەناوی حیزب و بەرپرسەکانەوە قسە دەکەن بۆیە ئێمە داوای پاڵپشتی و پشتگیریمان کرد بۆ بەدواداچوون و وەرگرتنی رێکاریی یاسایی".

"چەند ڕۆژێکە دەبیستین چەند کەسێک پەیدابوون زەویی دەوڵەت و خەڵکیان خەت خەت کردووە بۆ فرۆشتن و ئێمە ڕێکاری یاسایی دەگرینەبەر بەرامبەریان" لەیلا عومەر وای وت.

سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی وتیشی "كۆمەڵێك خەڵكی دیكە بوونەتە دەڵاڵی زەوییەكانی شارەوانی و مامەڵەیان پێوە دەكەن و بە وەبەرهێنەری دیكەی دەفرۆشنەوە".