وەزیرەکەی سەدر هۆشداریی لە شەڕی ناوخۆ دەدات و بە چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت: یاریی بە ئاگر دەکەن

16-08-2022 12:50

پەرەگراف

ساڵح محەممەد عێراقى کە بە وەزیرى موقتەدا سەدر ناسراوە، پەیامێکی ئاڕاستەی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کردو داوا دەکات مالیکی و خەزعەلی و عەممار حەکیم ڕابگرن کە ئەو بە "سێکوچکەى نەهامەتهێنەر" ناویان دەبات.

"ئەو سێکوچکەیە یارى بە ئاگر دەکەن و ئەگەر هەیە ڕوودانى شەڕی ناوخۆیی لە بەرژەوەندییان بێت لە ڕێگەى مانگرتن بەرامبەر بە مانگرتن و خۆپیشاندان بەرامبەر بە خۆپیشاندان" وەزیرەکەی سەدر وادەڵێت.

دەشڵێت "ئەى سێ کوچکەى شووم، وانەزانن کە بانگەشەکانتان بۆ ئەنجامدانى خۆپیشاندانى گەورە دەمانترسێنێت یان بێزارمان دەکات، ئێمە دەستان بۆ نابەین، تەنانەت ئەگەر ئێوەش ئەوە بکەن. ئەو کەسانەی ناچاریان دەکەن بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان برای ئێمەن و گوێڕایەڵتان نابن و رووبەڕوومان نابنەوە".

ئەو پەیامەى وەزیرەکەى سەدر لەکاتێکدایە بڕیارە شەممەی داهاتوو لایەنگرانى سەدر خۆپیشاندانی ملیۆنی لە بەغداد ئەنجام بدەن، هاوکات چوارچێوەى هەماهەنگی داواى لە لایەنگرانى کردووە کە خۆیان بۆ خۆپیشاندان ئامادە بکەن بەبێ ئەوەى وادەکەی دیاری بکات.

وەزیرەکەى سەدر ئاماژە بەوە دەکات خۆپیشاندانى ئەوان بۆ داواکاریى چاکسازییە، بەڵام چوارچێوەی هەماهەنگی "لە دژى چاکسازى و سەرۆکوەزیران خۆپیشاندان دەکەن، ئەگەر سەرۆکایەتى وەزیران شەرعیەتى نییە، کەوابێت سەرۆککۆماریش ئامانجى ئەوانە بۆ رووخاندنى. لە هەمان کاتیشدا خۆپیشاندان لە دژى سەرۆکایەتى پەرلەمان دەکەن.. کەوابێت بەرگرى لە کام شەرعیەت و کام دەوڵەت دەکەن؟".