بافڵ تاڵەبانی بۆ بەرپرسانی یەکێتی: هەرکەس پلەو پۆست بۆ دەستکەوتی کەسیی بەکاربهێنێت ڕوبەڕوی یاسا دەکرێتەوە

16-08-2022 05:38

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی لە بڕیارێکدا بۆ بەرپرسانی یەکێتی دەڵێت، بەهیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نین ناونیشان و بەرپرسیارێتی خۆیان بەکاربهێنن بۆ دەستکەوتی کەسیی و تایبەت و وەرگرتنی زەویوزارو موڵکی گشتی یاخود فشارخستنەسەر فەرمانبەرو دامەزراوە حکومییەکان.

بڕیارەکەی بافڵ تاڵەبانی دوێنێ دەرچووەو تێیدا هاتووە "هەر هەڤاڵێکی یەکێتی لە هەر ئاستێکی حیزبیدا بێت، سەرپێچی لەم شێوەیە بکات جگە لەوەی ڕوبەڕوی یاسا دەکرێتەوە، بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی سزای توندی حیزبی و ڕێکخراوەیی دەدرێت".

بڕیارەکە لە ڕۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێ دەکرێت و بافڵ تاڵەبانی دەڵێت "چاوەڕوان دەکەین کە سەرجەم حیزب و لایەنەکان تر هەمان هەڵوێستیان هەبێت".

 

ئەمرۆ هیزەکانی کۆماندۆی یەکێتی بەرەو شارەوانی سلێمانی جوڵەیان پێکراو، فەرماندەیی کۆماندۆ لە ڕوونکردنەوەیەدا وتی، بۆ ڕێگریکردن بووە لە داگیرکردنی زەوی لەلایەن چەند بەرپرسێکی حیزبی و حکومی،  شارەوانیی سلێمانیش ڕایگەیاند، "کۆمەڵێک مافیا بە ناوی حیزب و بەرپرسەوە سەرانە لە خەڵک وەردەگرن".

کۆماندۆ لە ڕوونکردنەوەکەیدا دەڵێت "دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردوو لەلایەن چەند بەرپرسێکی نابەرپرسی حزبی و حکومی لە ژێر فشاری هەڕەشە هەستان بە ئیفرازکردنی چەندین پارچە زەوی و داگیرکردنی بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان و ڕێگریکردن لەئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەکی ستراتیجی کە بۆ خزمەتی شارەکە ئەنجام ئەدران. ئەمڕۆ بەفەرمانی سەرۆک باڤڵ جەلال تاڵەبانی بۆ ڕێگریکردن لەو داگیرکارییە جوڵە بەهێزەکانی کۆماندۆی کوردستان کرا بەرەو بەڕێوبەرایەتی شارەوانی سلیمانی بۆ پاکتاوکردنی گەندەڵکاران و دەستگیرکرنی ئەو کەسانەی ڕێگربوون لە ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ناو شاری سلیمانی".

هاوکات لەیلا عومەر سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "کۆمەڵێک خەڵک پەیدابوون بوونەتە مافیا بۆ زەوی و خانوو و کۆشکەکانی شارەوانی سلێمانی و دەستیان بەسەر ئەو مووڵکانەدا گرتووە و کۆمەڵێک خەڵکی دەموچاو دووبارە پارە و سەرانە لە خەڵک وەردەگرن".

سەرۆکی شارەوانی ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵئەوەی خۆیان پۆلیسی شارەوانییان هەیە، بەڵام ژمارەیان کەمەو پشتیوانییان نییە، هەربۆیە داوای پشتیوانییان لە ئاسایشی سلێمانی کردووە، وتی "ئەوەی کاریگەریی کردەسەر ئێمە کۆمەڵێک لەو کەسانە بەناوی حیزب و بەرپرسەکانەوە قسە دەکەن بۆیە ئێمە داوای پاڵپشتی و پشتگیریمان کرد بۆ بەدواداچوون و وەرگرتنی رێکاریی یاسایی".

"چەند ڕۆژێکە دەبیستین چەند کەسێک پەیدابوون زەویی دەوڵەت و خەڵکیان خەت خەت کردووە بۆ فرۆشتن و ئێمە ڕێکاری یاسایی دەگرینەبەر بەرامبەریان" لەیلا عومەر وای وت.

سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی وتیشی "كۆمەڵێك خەڵكی دیكە بوونەتە دەڵاڵی زەوییەكانی شارەوانی و مامەڵەیان پێوە دەكەن و بە وەبەرهێنەری دیكەی دەفرۆشنەوە".