دەزگای لوتكە: كۆچی هاووڵاتیانی هەرێم و عێراق بۆ ئەورووپا 35% بۆ 40% زیادی كردووە

16-08-2022 11:13

پەرەگراف

دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران زانیاری لەبارەی هەڵكشانێكی بێ پێشینەی كۆچی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و عێراقەوە و دەدات و دەڵێت "لەسەدا 35 بۆ 40 زیادی كردووە". دەشڵێت "هیچ زانیارییەكی نوێ‌ نییە كە بیسەلمێنێت لەو یەختەی هەفتەی ڕابردوو ژێرئاو كەوت، كۆچبەری كورد و عێراقی هەبووبێت".

یەكێك لە ئەندامانی ستافی بەڕێوەبردنی دەزگای لوتكە بە پەرەگرافی وت "سەبارەت بەو یەختەی كە بە 80 سەرنشینەوە ژێرئاو كەوت و 29یان ڕزگار كران، هێشتا لەو 51 كەسە بێسەروشوێنە هیچ كامیان نەدۆزراونەتەوە".

وتیشی "كەسوكاری هیچ كۆچبەرێكی كورد ناوی لای ئەوان تۆمار نەكردووە كە كەسوكاریان لەو یەختەدا بوبێت. هیچ بەڵگەیەشكیش نییە كە كۆچبەری كورد و عێراقی لە یەختەكەدا بووبن، چونكە ئەو كەسانەی ڕزگار كراون هەموویان ئێرانی و ئەفغانین".

هەر ئەمڕۆ دەزگای لوتكە بۆ كاروبارری ئاوارە و پەنابەران لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەوەی خستە ڕوو كە "سەرەڕای هەبوونی مەترسییەكی زۆری ڕێگاكانی كۆچی نایاسایی و بیستنی نوقوومبوونی دەیان یەخت، هاووڵاتیان هەر سوورن لەسەر كۆچكردن و پەنابردنە بەر وڵاتیكی دیكە بۆ گوزەرانێكی باشتر".

بەپێی زانیاری و بەدواداچوونەكانی دەزگاكە، "كۆچكردن بە ڕێژەی 35% بۆ 40% زیادی كردووە". ئەندامەكەی ستافی بەڕێوەبردنی دەزگای لوتكە بە پەرەگرافی وت "ئەو ڕێژەیە لە دوای ساڵی 2020ـەوە تا ئێستا وەرگیراوە، پێش ئەو ساڵە ڕێژەی كۆچ زۆر نزمتر بووە".

دەزگاكە دەڵێت "ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕێژەی كۆچكردنی هاووڵاتیان لە زیادبووندایە" و ئاماژەی بە ڕاپۆرتێكی نەتەوە یەكگرتووەكانیش كردووە كە دەڵێت "تەنها لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە 18 هەزار پەنابەر لە دەریایی ناوەڕاست پەڕیونەتەوە".

دەزگای لوتكە هۆكاری سەرەكیی هەڵكشانی كۆچی نایاسایی بۆ "خراپیی باری گوزەرانی هاووڵاتیان، بێكاری، نەبوونی سەقامگیری و ئاستەنگەكانی كۆچكردنی ئاسایی" گەڕاندووەتەوە. ئەمە جگە لە "هەبوونی هەواڵی نادروست و هەوڵدان بۆ فریودانی گەنجە كان لەلایەن ئەو كەسانی كە بازرگانی بە مرۆڤەوە دەكەن".

بەپێی زانیارییەكانی دەزگای لوتكە، كۆچكردنی هاووڵاتیانی عێراقی لە "كۆتایی مانگی تەمووز و سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵەوە بە ڕێژەیەكی چاوەڕواننەكراو زیادی كردووە و بەردەوام لە زیاد بووندایە"، بەتایبەتی دوای دووبارە ئاساییبوونەوەی مامەڵە كردن بە فیزای توركیاوە.