ڕەوتی سەدر بەشداریی ئەو كۆبوونەوە ناكات كە كازمی بانگەوازی بۆ كرد

17-08-2022 02:44

پەرەگراف

ڕەوتی سەدر ڕایگەیاند كە بەشداریی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ ناكات كە مستەفا كازمی بانگەوازی بۆ كردووە. ژمارەیەك لە سەركردەكانی هاوپەیمانیی فەتحیش دەڵێن، خۆیان بەشداریی كۆبوونەوەكە ناكەن و هادی عامری نوێنەرایەتیی ئەوانیش دەكات.

شەوی ڕابردوو مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، بانگەوازێكی ئاراستەی سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی عێراق كرد بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی گشتی لەمڕۆدا، بەمەبەستی گفتوگۆ بۆ چارەسەری كێشەكان.

ڕەوتی سەدر لە وەڵامی بانگەوازەكەی كازمیدا دەڵێت "ڕەوتی سەدر بە هەموو سەركردە و كەسایەتییە سیاسییەكانیەوە بەشداری لەو گفتوگۆ سیاسییەدا ناكات كە سەرۆكوەزیران بانگەوازی بۆ كردووە، نە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ و نە بە ناڕاستەوخۆ".

هاوكات ئەحمەد ئەسەدی، سەركردە لە هاوپەیمانیی فەتح، ڕایگەیاند كە خۆی و هومام حەموودی و قەیس خەزعەلی بەشداری لە كۆبوونەوەكەدا ناكەین، چونكە هادی عامرییان سەرپشك كردووە وەكوو نوێنەری هاوپەیمانیی فەتح كە سەرۆكی هاوپەیمانییەكەشە.

ئەسەدی دەشڵێت "هیوادارین لە كۆبوونەوەكەدا دەرچەیەك بۆ چارەسەری قەیرانەكان".

شەوی ڕابردوو، مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە بانگەوازێكدا ڕایگەیاند "داوا لە هێزە سیاسییە نیشتمانییەکان دەکەم، سبەی چوارشەممە لە کۆشکی حکومەت لە کۆبوونەوەیەکی نیشتمانیدا بەشدار بن، بۆ ئەوەی دەست بە گفتوگۆی جیددی بکەن لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانی سیاسیی ئێستا".

كازمی داوای لە هەموو لایەنەکان كرد "ئاڵۆزیی جەماوەری و میدیایی" ڕابگرن و دەرفەتی پێویست بدەن بۆ خستنەڕووی پێشنیازی گونجاو و گفتوگۆی نیشتمانی.

لە ئێستادا كۆبوونەوەى سەرکردەی لایەنەکان و سەرۆکایەتییەکانی عێراق دەستی پێ کرد؛ تەنیا ڕەوتی سەدر بایکۆتی کردووە.

لەسەر بانگهێشتی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق، نێردەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرکردە و نوێنەرانی چوارچێوەی هەماهەنگی و سوننە و کورد لە کۆبوونەوەدان بۆ گفتوگۆ دەربارەی چارەسەری قەیرانی سیاسیی عێراق.