توركیا پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی كردەوە و دەڵێت: بە مانای دەستهەڵگرتن لە دۆزی فەڵەستین نایەت

17-08-2022 04:00
كۆبوونەوەی نێوان سەرۆككۆماری توركیا و سەرۆككۆماری ئیسرائیل لە مانگی ئاداری 2022

پەرەگراف

سەركردەكانی توركیا و ئیسرائیل لەسەر ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات ڕێككەوتن، بەم زوونە هەردوو لا باڵیۆزخانەی خۆیان لە وڵاتی بەرانبەر دەكەنەوە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا و یائیر لاپید، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ لە پەیوەندییەی تەلەفۆنیدا ڕێككەوتوون لەسەر دەستپێكردنەوەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی هەردوو وڵات لە بەرزترین ئاستدا.

توركیا چوار ساڵ لەمەوبەر و لە ساڵی 2018، لە كاردانەوە بەرانبەر كوشتنی فەڵەستینییەكان لە ڕێپێوانەكانی كەرتی غەززەدا كە 200 كەس كوژران، هەموو پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل ڕاگرت و باڵیۆزەكەی لە تەلئەبیب كشاندەوە.

ئەمڕۆ یائیر لاپید، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند كە لە چوارچێوەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ توركیا، پەرە بە پەیوەندییە ئابووری و فەرهەنگییەكانیان دەدەن و ئاسایشی ناوچەكە بەهێز دەكەن.

هاوكات مەولوود چاوشئۆغلوو، وەزیری دەرەوەی توركیا، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند كە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ ئیسرائیل، بە مانای دەستهەڵگرتن لە پاڵپشتیی فەڵەستینییەكان نایەت.

چاوشئۆغلوو وتی "ئێمە دەست لە ئامانجی فەڵەستینییەكان هەڵناگرین. زۆر گرنگە پەیامەكانی ئێمە (دەربارەی پرسەكانی پەیوەست بە فەڵەستین) بە شێوەی ڕاستەوخۆ و لە ڕێگەی باڵیۆزەوە بگات".

نیشانەكانی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی توركیا و ئیسرائیل لە مانگی سێی ئەمساڵەوە بە سەفەری سەرۆككۆماری ئیسرائیل بۆ توركیا دەركەوتن. دواتریش وەزیری دەرەوەی هەردوو وڵات سەردانی وڵاتەكانی یەكتریان كرد.

گرژییەكانی نێوان توركیا و ئیسرائیل، 12 ساڵ لەمەوبەر و بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر كەشتییەكی هاوكاریی توركیا بۆ غەززە، دەستی پێ‌ كرد.

ئەو كەشتییە كە لەژێر ناوی "كاروانی ئازادی" بۆ شكاندنی گەمارۆی سەر غەززە بەڕێ‌ كەوتبوو، لەلایەن كۆماندۆی ئیسرائیلەوە هێرشی كرایە سەر و نەگەیشتە شوێنی خۆی. لە ئەنجامدا 10 كەس لە چالاكانی لایەنگری دۆزی فەڵەستین كوژران و پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات بە تەواوی پچڕان.

ساڵی 2012یش لە كاتی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕەخنەی توندی لە تەلئەبیب گرت و توركیا داوای لە نەتەوە یەكگرتووەكان كرد كە هەنگاوی كرداری دژی پێشێلكارییەكانی ئیسرائیل بنێت.

بەڵام لە ساڵی 2016 پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات دەستیان پێ‌ كردەوە و توركیا باڵیۆزی خۆی بۆ ئیسرائیل ڕەوانە كردەوە، كە تەنیا دوو ساڵی خایاند.

ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و ئیسرائیل پاش ئەوە دێت كە لە دوو ساڵی ڕابردوودا ئیمارات و بەحرەین پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل دەست پێ‌ كرد و بە ڕەسمی دانیان بەو وڵاتەدا نا.

ئەمساڵیش عەرەبستانی سعودیە ئاسمانی وڵاتەكەی بە ڕووی گەشتی فڕۆكە ئیسرائیلییەكاندا كردەوە و كۆتایی بەو سیاسەتە 74 ساڵەی دژی تەلئەبیب هێنا.

چاوەڕوانیش دەكرێت دەوڵەتی عومان ئاسمانی وڵاتەكەی بە ڕووی گەشتی فڕۆكە ئیسرائیلییەكاندا بكاتەوە.