سەدر بۆ کۆبوونەوەی لایەنە عێراقییەکان: گەل بە گفتوگۆکانتان هەڵناخەڵەتێت

18-08-2022 01:05

پەرەگراف

وەزیرەکەی سەدر ھەڵوێستی ڕەوتی سەدری لەسەر کۆبوونەوەی فراوانی لایەنە عێراقییەکان بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران ئاشکرا کردو دەڵێت، گەل بەو گفتوگۆیانە ھەڵناخەڵەتێت و تاکەی لە کەلی شەیتان نایەنە خوارەوە.

"ئەو دیالۆگەی سەرۆکوەزیران، جێگەی سوپاسە، کۆبوونەوەکە باسی ھیچی نەکردووە، تەنیا ھەندێک خاڵی بێھودە نەبێت، تایبەت بە گەل نەبووە و نە خزمەت و نە شکۆ و نە خواستەکانی. زۆربەی ئەوانەی بەشداربوون، تەنیا گرنگی بە مانەوەی خۆیان دەدەن لەسەر کورسی، ھەوڵدەدەن شۆڕش بچووک بکەنەوە و لە داواکارییەکان دووری بخەنەوە" ساڵح محەمەد عێراقی کە بە وەزیری سەدر ناسراوە، لە تویتێکدا وادەڵێت.

وەزیرەکەی سەدر دەڵێت، شۆڕش ھیچی لەوان ناوێت جگە لە وازھێنان لە کورسییەکانیان، "ئەگەر دەتانەوێت کورسی بەتاڵ پڕبکەنەوە، پێویستە کۆبوونەوەی ئاشکرا بکەن و راستەوخۆ بۆ گەلی عێراق بگوازرێتەوە، تاوەکو گەل ئاگاداربێت لە پشت پەردە چی دەگوزەرێت".

ساڵح محەمەد عێراقی دەشڵێت "گەل تەنیا بۆ خودا دەچەمێتەوە، ھیچ خێرێک بە گفتوگۆکانتانەوە نییە، تاوەکو کەی لە کەلی شەیتان نایەنە خوارەوە".

وەزیرەکەی سەدر پەیامێکیش ئاڕاستەی خۆپیشاندەران دەکات و دەڵێت "گەل بە گفتوگۆکانیان ھەڵناخەڵەتێت، کە لە ماڵی جاڵجاڵۆکە ئاسانترە، مانەوەیان درێژە ناکێشێت، ئەگەر شۆڕشەکەتان درێژە بکێشێت."

کۆبوونەوەى لایەنە سیاسییەکانى عێراق دوێنێ لەسەر بانگهێشتی مستەفا کازمی لە بەغدا ئەنجامدرا، دوای کۆبوونەوەکە نووسینگەی کازمی ڕایگەیاند، بەشداربووان رێککەوتوون کە هەڵبژاردنى پێشوەختە بەپێی رێکارەکانى دەستوور ئەنجام بدرێ و داواش لە رەوتی سەدر بکرێت بەشداری لە دیالۆگى نیشتیمانى بکات و لایەنە ناکۆکەکانیش گرژییەکانی نێوانیان ڕابگرن.