پێشمەرگەو سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکی ھاوبەشیان لە دیالەو خورماتوو ئەنجامدا

18-08-2022 08:52
ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمڕۆ. وێنە؛ وەزارەتی پێشمەرگە.

پەرەگراف

ھێزەکانی پێشمەرگەو سوپای عێراق لە ناوچەکانی بۆشایی ئەمنی لە گەرمیان کە دەکەونە پارێزگای دیالەو قەزای خورماتوو، ئەمڕۆ ئۆپەرسیۆنێکی ھاوبەشیان ئەنجامدا و کێوماڵی ناوچەکەیان کرد.

ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە پاشماوەکانی داعش و دۆزینەوەی چەک و جبەخانەو شوێنەکانی خۆحەشاردانیان بوو.

وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەندراوێکدا  دەڵێت "لە دەرئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا، تەواوی ئەو ناوچانە کێوماڵ کران، کە لە پلانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەنێوان هەردوولادا دانرابوو، هێزەکان تەواوی ناوچەکانیان پشکنی و کێو ماڵی دەڤەرەکەیان بە تەواوەتی کرد، دەرئەنجام ئۆپەراسیۆنەکە، لەکاتی دیاری کراودا سەرکەوتووانە کۆتایی پێهات".

وەزارەتی پێشمەرگە ھیچ داتاو ئامارێکی نەخستووەتەڕوو لەبارەی ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەوە.

ئەو گوندو ناوچە ئاوەدانانەی لە بۆشایی ئەمنیی نێوان سوپاو پێشمەرگەدان مەترسییان لەسەرەو بەرەوچۆڵبوونی تەواوەتی دەچن.

چەندین جار کۆبوونەوەو گفتوگۆ لە نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق ئەنجامدراوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوچانەو ھەماھەنگیی یەکتر.

بڕیارە لیوای ھاوبەش لە نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق دروستبکرێن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکانی بۆشایی ئەمنی، بەڵام ھێشتا ئەو لیوا ھاوبەشانە دەستبەکار نەبوون.