وتاربێژی نوێژی هەینیی بەغدا: هیچ بەهایەك بۆ ئەو گفتوگۆیانە دانانێین كە دەكرێن

19-08-2022 01:20

پەرەگراف

وتاربێژی نوێژی هەینیی یەكگرتووی بەغدا جەختی لە بەردەوامیی مانگرتن و ناڕەزایەتییەكان كردەوە و گفتوگۆی نێوان سەرۆكایەتیەكانی عێراق و لایەنەكانى بە "بێ‌ بەها ناو برد".

موهەنەد موسەوی، وتاربێژی ئەم هەینییەی بەغدا كە سەر بە ڕەوتی سەدرە، وتی "ئەو گفتوگۆیانەی كە هەن، هیچ بەهایەكیان نییە و ئێمە هیچ نرخێكیان بۆ دانانێین".

موسەوی هێرشی كردە سەر نەیارانی ڕەوتەكەی كە بە "گەندەڵكاران" ناویان دەبەن و وتی "هەموو ئەوەی كە ئێستا هەیە، ئەنجامی قوربانیدانی سەرایا سەلام، حەشد و تشرینییەكانە، ئەنجامی قوربانیدان و ئازارەكانی گەلە، بەڵام پرسیار لەوان دەكەین: ئێوە هیچ قوربانییەكتان داوە؟ هیچ بەرپرسیارێتییەكتان گرتە ئەستۆ؟ ئێوە قوربانیتان لەپێناو بەرژوەندیی خۆتاندا دا، نەك لەبەر گەل و نیشتمان".

وتاربێژی نوێژی هەینیی یەكگرتوو، ناڕەزایەتییەكانی بەغدای بە "شۆڕشی ئیرادەكان" ناو برد و جەختی كردەوە كە "ئەی گەلی قارەمان، ئیرادەی ئێوە ناشكێنرێت و ئەو گەندەڵكارانە ناتوانن ئیرادەی ئێوە بشكێنن".

"پێیان نیشان دەدەین كە خۆشەویستیی ئێمە بۆ نیشتمان و قوربانیدان لەپێناویدا چۆنە. تا كۆتایی و تەنانەت لە خەوەكانیشدا بەدواتان دەكەوین، لەپێناو عێراق و پیرۆزییەكانی"، وتاربێژی هەینیی یەكگرتوو وای وت.

موهەند موسەوی ئاماژەی بە ماددەیەك لە دەستووری عێراق دا و وتی "جوانترین دەقی دەستووری ئەوەیە كە دەڵێت: گەل سەرچاوەی یاسادانانە. بۆیە دەرچوون لە گەندەڵی و گەندەڵكاران، مانای ئەوە نییە كە لەگەل دەرچووین. ئەو حیزب و گرووپانەی كە ڕێز لە گەل و وڵات ناگرن، بە هیچ شێوەیەك مافیان لەم وڵاتەدا نییە".

هەروەها جەختی لەوە كردەوە كە "دەبێت هەرسێ‌ دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێكردن و دادوەری لەسەر پێی خۆیان بوەستن و ڕێز لە قوربانییەكانی گەل بگرن، چونكە ئەگەر قوربانیی گەل نەبوایە، هیچ كام لەو دەسەڵاتانە نەیاندەتوانی لەسەر پێی خۆیان بوەستن".