ئاسایشی سلێمانی: پێنج بازرگان و دەڵاڵ کە بەڕێکاری نایاسایی مامەڵەیان بە زەوی و زار و موڵکی گشتییەوە کردووە دەستگیرکران

19-08-2022 04:14

پەرەگراف

ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی پێنج بازرگان و دەڵاڵی ڕاگەیاند کە 'بەڕێکاری نایاسایی مامەڵەیان بە زەوی و زار و موڵکی گشتییەوەکردووە'.

ڕاگەیەندراوێک لە ئاسایشی سلێمانییەوە

بەبڕیاری بەڕێز دادوەر پێنج بازرگان و دەڵاڵ کە بەڕێکاری نایاسایی مامەڵەیان بە زەوی و زار و موڵکی گشتییەوە کردووە دەستگیرکراون، دەیان لێپرسراو و فەرمانبەری دامەزراوە کارگێڕییەکان و چەندین کەسیش کە وەک بریکار و دەڵاڵی زەوی و زار مامەڵەی نایاساییانراییکردووە، لەلایەن دادگاوە بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە و لەلایەن ھێزەکانمان بە ھەماھەنگی لەگەل ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان رێوشوێنی پێویستی بۆ وەرگیراوە و دەستگیرکردنیان چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. لەچەند رۆژی داھاتووشدا بەردەوام دەبین لەدەستگیرکردنی ھەموو ئەوانەی لەسەر بەرژەوەندی گشتی و مافی خەڵک پۆستەکانیان بۆ كاری نایاسایی قۆستووەتەوە.

بۆ ھەموولایەکیشی روون دەکەینەوە ئەو کەسانەی بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە پۆست و دەسەڵاتی خۆیان لە فەرمانگە حکومییەکان بۆ کاری نایاسایی و دوور لەرێنماییەکان و رەوشتی بەرزی فەرمانبەری بەکارهێناوە. لەبەرامبەر رەشوە مامەڵەی خەڵکی تریان تێپەڕاندووە و چەندین دۆسیەی زەوی وزار و موڵکی گشتییان لەدەرەوەی یاسا بەرکارەکانی ھەرێم داگیرکردووە، بەکرێگیراوبوون و لەبەرامبەر بڕە پارەیەکدا ئەو کارانەیانئەنجامداوە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی

١٩ی ئابی ٢٠٢٢