زیندانییانی مانگرتووی بادینان: مانگرتنمان بەردەوامە و دۆخی تەندروستیمان ناجێگیرە

19-08-2022 08:20

پەرەگراف

زیندانییانی بادینان پاش 30 ڕۆژ لە مانگرتن دەڵێن "مانگرتنمان بەردەوامە و دۆخی تەندروستیمان ناجێگیرە. لەم ھەفتەی كۆتایی مانگرتن لە ڕووی جەستەییەوە لاوازین و تووشی نەخۆشیی جۆراوجۆر بووین".

لە ڕاگەیەندراوێکدا كە ئەیهان سەعید، چالاكی مافەكانی مرۆڤ و كەسی نزیك لەو زیندانیكراوانە بڵاوی كردووەتەوە، زیندانییانی مانگرتووی بادینان لە چاكسازیی گەورانی هەولێر، دەڵێن "بۆ ڕایگشتیی دووپات دەكەینەوە كە ئێمە ھەندێكمان لە (٢١تەمووز) و ھەندێكیش لە (٢٤تەمووز)ـەوە دەستمان بە مانگرتن لە خورادن كردووە، تا ئێستاش بەردەوامین و چەندین سزادراوی تریش لەگەڵمان بەردەوامن".

ئەو زیندانیكراوانە ئاماژە بەوە دەكەن كە بە "ھێزی ئیرادە و بەرخۆدان لەپێناو بەدەستخستنی مافێكی یاسایی كە ئازادبوونی مەرجدارە، لەگەڵ خواردنەوەی شلەمەنییەكانی وەك (ئاو-چا-ماستاو)" زیندوو ماونەتەوە، ھەفتانەیش یەك گڵاس شیر دەخۆنەوە.

زیندانیكراوە مانگرتووەكان ڕەخنە لە ئیدارەی چاكسازیی گەورانی هەولێر دەگرن كە "زۆر ھەوڵی داوە خۆی لە بەرپرسیارەتی بشارێتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش چەندین جار عەریزەی پێ پڕكردینەتەوە و تەركیزیان لەوە كردووە كە بنووسین: گلەیی و داواكاریمان لە ئیدارەی چاكسازی نییە".

هەروەها جەخت دەكەنەوە كە ئیدارەی چاكسازی ڕێگر بووە لە سەردانیكردنی پارێزەرەكانیان كە "تەنانەت نزیكەی یەك ساڵە نەمان توانیوە وەك پێویست پارێزەرەكانمان ببینین".

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی زیندانییانی مانگرتووی بادینان:

١- بۆ رای گشتی دوپات دەكەینەوە كە ئێمە بەردەوامین لە مانگرتن ھەندێكمان لە (٢١تەموز)وە ھەندێكیش لە (٢٤تەموز) دەستمان بە مانگرتن لە خورادن كردوە و تا ئێستاش بەردەوامین و چەندین سزادراوی تریش لەگەڵمان بەردەوامن.

٢- جیا لە ھێزی ئیرادەو بەرخودان لە پێناو بەدەست خستنی مافێكی یاسایی مان كە ئازادبونی مەرج دارە خۆمان بە خواردنەوەی شلەمەنیەكانی وەك (ئاو-چا-ماستاو وە گرتوە) لەگەڵ ھەفتانە یەك گڵاس شیر بەڵام خێرە ئەم حكومەتە نەبانە خوی لێمان كردوە بە دایكێكی شیردەر وەك موزایەدەو مەكرەمە بە ئێمە دەفروشێتەوە و بو رای گشتی ئەو خالەیە زق دەكاتەوە.

٣- ئیدارەی چاكسازی زۆر ھەوڵی داوە لەگەلمان كە خوی لە بەر پرسیارەتی بشارێتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش چەندین جار عەریزەی پێ پركردینەتەوە و تەركیزیان لە وە كردووە كە بنوسین گلەی و داواكاری لە ئیدارەی چاكسازی مان نیە بەڵام ھەمیشە نوسیومانە كە داواكاریمان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكانە نەك تەنھا دەستھەلاتیی قەزائی كەچی دوای دەرچوو ئیدارەی زیندانی چاكسازی پشكی شێری بەركەوتوە لە رێگری دروستكردن لە بەردەم كارەكانی یاسایی.

٤- ئیدارەی چاكسازی رێگر بووە لەسەرەدانیكردنی پارێزەرەكانمان كە تەنانەت نزیكەی یەك ساڵە نەمان توانیوە وەك پێویست پارێزەرەكانمان ببینین بەتایبەتی لەو ھەفتەی كۆتایی مانگرتن كە تەندروستیمان ناجێگیرە و لە رۆی جەستەیی یەوە لاوازین و توشی نەخوشی جوراو جور بوینە.

٥- لاوازی خزمەتگوزاری تەندروستی تەنانەت كە داوای دەمامكمان كردوە و دوای چەندین ھەوڵ ئینجا یەك جار بویان ھێناوین و یەك جاریش دكتورێك ھاتو تە قاویشمان و بەسەرپێیانە ھەڵسەنگاندنی بو ئێمە كردوە و بەبێ پێدانی ھیچ رێنمایێكی تەندروستی پێویست.

٦- ھەوڵدان بوو ساركردنەوەی چەندین كەس لە مانگرتن بە بەڕنامە و رێگە نەدان بە تێكەڵ بون لەگەل مانگرتوەكانی تر.

٧- جیا كاری كردن لەگەڵ ئێمە وەكو زیندانیانی بادینان لە ھەشت خاڵ دایە، بو ئەم مەبەستەش بە نوسراوێكی فەرمی لەبەردەم بەرێوەبەری چاكسازی و حاكمی داواكاری گشتی و پارێزەرمان بەشێك لەو خالە جیاكاریە باسمان كردوە و داومانە دەستی سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ.

زیندانییە مانگرتوەكانی بادینان
١٩ی ٨ی ٢٠٢٢
چاكسازی گەورانی ھەولێر