دەربەندیخانییەكان: 30 ساڵە بەڵێنی چاككردنی ڕێگاكەمان دەدرێت و نەكراوە

20-08-2022 02:21
داخستنی ڕێگای تونێلی دەربەندیخان. فۆتۆ: شارپرێس

پەرەگراف

لە بەرانبەر چاكنەكردنی ڕێگای هاتوچۆی قەزاكەیان كە ڕۆژانە قوربانیی لێ‌ دەكەوێتەوە و بە "ڕێگای مەرگ" ناوی دەبەن، چالاكان و هاووڵاتیانی دەربەندیخان خۆپیشاندانیان ئەنجام دا و بۆ ماوەیەك تونێلی دەربەندیخانیان بە ڕووی هاتوچۆدا داخست.

چالاكان و هاووڵاتیانی دەربەندیخان بە جلوبەرگی سپی و دارەمەیتەوە وەكوو ئاماژەیەك بۆ زۆریی قوربانییانی هاتوچۆ، بە ڕێپێوان چوونە بەردەم تونێلی دەربەندیخان.

ئەوان جەختیان كردەوە كە "دەبێت حكومەت بێتە سەر خەت و داواكارییەكانمان بەهەند وەربگرێت، بە پێچەوانەوە بەردەوام دەبین لە ناڕەزایەتی".

یەكێك لە چالاكانی دەربەندیخان وتی "ڕێگاكە بووە بە دێوەزمە و ماڵ نییە قوربانیی نەدابێت. ماوەی 30 ساڵە بەڵێنی چاككردنی ڕێگاكە دەرێت و جێبەجێ‌ نەكراوە".

ئەوان كەمتەرخەمی لە چاككردنی ڕێگاكەدا دەخنە ئەستۆی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و جێگرەكەی و دەڵێن "ئەگەر ئەمە ڕێگای هاتوچۆی خۆیان و كەسوكاریان بوایە، ئایا بەم شێوەیە دەبوو؟!".

داواكاریی سەرەكیی ئەو چالاك و خۆپیشاندەرانە "نۆژەنكردنەوەی تونێلی دەربەندیخان و تەواوكردنی ڕێگای دەربەندیخان - زەڕەیەن و دەربەندیخان - كەلار"ـە.

"ڕۆژانە كەسوكارمان لەم ڕێگەیەدا گیان لەدەست دەدەن. ڕێگەی دەربەندیخان سلێمانی و تونێلی دەربەندیخان، كارەساتی گەورەیان خولقاندووە. داواكاریمان ئەوەیە ئەم تونێلە دابخرێت تا چاك دەكرێت"، هاووڵاتییەكی دانیشتووی دەربەندیخان لە خۆپیشاندانەكەدا وای وت.

ئەو هاووڵاتییە وتیشی "لە ماوەی دوو ڕۆژدا پێنج هاووڵاتی بوونەتە قوربانی كە سیانیان گیانیان لەدەست داوە كردووە".

ڕۆژی 28-4-2022، تانكەرێك لەبەردەم تونێكەدا ئاگری گرت و بووە هۆی سووتانی چەند ئۆتۆمبێلێكی دیكە و زیانی زۆر بە تونێلەكە گەیشت.

یەك ڕۆژ لە دوای ڕووداوەكە، دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، سەردانی تونیلی دەربەندیخانی كرد و وتی "لە ماوەیەكی نزیكدا تونێلەكە نۆژەن دەكەینەوە و دواتر بڕیار دەدرێت ئەم ڕێگەیە تەنیا ئۆتۆمیبَلی بچووك یان گەورەی پێدا بڕوات".

وەزیری ئاوەدانكردنەوە وتیشی "ڕێگایەكی ترمان هەیە كە ڕێگای ناوتاقە، بە زووترین كات بڕیاری لێ‌ دەدەین كە ئەو ڕێگەیە قیرتاو بكەین، بۆ ئەوەی ببێت بە ڕێگەیەكی بەدیل".

چالاكانی دەربەندیخان دەڵێن "تا ئێستا تونێلەكە نۆژەن نەكراوەتەوە و ڕێگای ناوتاقانیش وەكوو ڕێگای بەدیل، یەك مەتری قیرتاو نەكراوە".

هاووڵاتییەكی بەشداربووی خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆ وتی "قازانجی ئەم ڕێگەیە كە ڕێگایەكی بارزگانییە و مەرزی لەسەرە، بۆ حكومەت و بازرگانانە و مەرگەساتەكەی بۆ خەڵك".

جیا لە كێشەی ڕێگای سەرەكیی هاتوچۆ، چالاكانی دەربەندیخان باسیان لە چەندین كێشەی دیكەی قەزاكەیان كرد كە دیارترینیان "كێشەی پیسبوونی ئاوی خواردنەوە و كارگەكان كە بوونەتە هۆی دووكەڵ و تەپوتۆزی زۆر لە ناوچەكە و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی".