سەدر: چاوەڕوانی هەنگاوی داهاتوومان بن

20-08-2022 05:15

پەرەگراف

موقتەدا سەدر لە پەیامێكی نوێدا جەخت لە هەڵوێستەكانی پێشووی دەكاتەوە و ڕەتی دەكاتەوە لەگەڵ نەیارەكانی كە بە "گەندەڵكاران" ناویان دەبات، دانوستان بكات. ئاشكرایشی دەكات كە پێشنیازێكی داوەتە نەتەوەیەكگرتووەكان، بەڵام وەڵامی ئەرێنی و گونجاوی نەدراوەتەوە، بۆیە دەڵێت "چاوەڕوانی هەنگاوی داهاتوومان بن".

موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، لە تویتێكی نوێدا دەڵێت "دەمەوێت ئاگادارتان بكەمەوە كە ئێمە پێشنیازێكمان بە نەتەوەیەكگرتووەكان داوە بۆ دانوستان و گفتوگۆ بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان، بەڵام هیچ وەڵامێكی ئەوتۆمان پێ‌ نەگەیشتووە".

سەدر لەبارەی وەڵامی پێشنیازەكەیەوە دەڵێت "وەڵامەكەیان لە ڕێگەی نێوەندگیرێكەوە بووە و هیچ شتێكی ئەوتۆی دەربارەی چاكسازی و داواكارییەكانی شۆڕشگێڕان تێدا نەبووە، تەنانەت هیچ گرنگییەكیان بە ڕووداوەكان نەداوە".

سەدر داوا لە هەموو لایەك دەكات كە چاوەڕوانی هەنگاوی داهاتوویان بن لەبارەی سیاسەتی پشتگوێخستن و ئەو گەندەڵی و پاشكۆیەتییەی كە لە عێراقدا دەگوزەرێت.

"لەمەودوا چاوەڕێی هیچ گفتوگۆیەكی نهێنیی نوێ‌ لە من مەكەن، چونكە هیچ شتێك لە گەلەكەم ناشارمەوە، بە هیچ شێوەیەكیش لەگەڵ گەندەڵكاران دانوستان ناكەم"، ڕێبەری ڕەوتی سەدر وا دەڵێت.