بافڵ تاڵەبانی بۆ دەزگا ئەمنییەکان: سڵ نەكەنەوە و چاوپۆشی لە هیچ كەسێك مەكەن لە هەر پلە و پۆستێكدا بێت
پەرەگراف
بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان کۆبووەوەو دەڵێت: لەبەرامبەر ئەو كەسانەی یاسا پێشێل دەكەن و دەست بۆ زەوی و زار و موڵكی گشتی دەبەن، سڵ نەكەنەوە و چاوپۆشی لە هیچ كەسێك مەكەن لە هەر پلە و پۆستێكدا بێت.
کۆبوونەوەکە لە بارەگای بەڕێوەبەرایەتی گشتی دەزگای دژەتیرۆر لە سلێمانی لەگەڵ دەزگای ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاریی ھەرێم، دەزگای ئاسایشی ھەرێم، سەرۆکی ئەرکانی فەرماندەیی ھێزەکانی حەفتا، بەڕێوەبەرایەتی دەزگای دژەتیرۆر و ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان بووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، ھەنگاوەکانی چەسپاندنی یاسا، جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا بۆ رووبەڕووبوونەوەی پێشێلکارانی یاسا و ھەموو ئەو کەسانەی کاری نایاسایی ئەنجام دەدەن و موڵک و زەوی و زاری گشتییان داگیرکردووە گفتوگۆیان لەبارەوە کراوەودوایین پێشھاتە ئەمنییەکان و جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە تاوتوێكرا.
بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، بافڵ تاڵەبانی گوتویەتی "هیچ كەسێك مافی بەكارهێنانی پۆست و ناونیشانی خۆی نییە بۆ شكاندنی یاسا. لە چەند رۆژی رابردووشدا بە دەستگیركردنی یاساشكێنان جارێكی تر سەلماندتان كەس لەسەروو یاساوە نییە، بۆ ئەمەش سوپاس وپێزانینتان ئاڕاستە دەكەم".
لەبارەی ئارامی و سەقامگیریی هەرێم، دەڵێت "بە هەمووشێوەیەك رووبەڕووی تیرۆریستان دەبینەوە و رێوشوێنە ئەمنییەكان توندتردەكەینەوە. ئارامی و ئاسایشی كوردستان هێڵی سوورە و بەهەموو شێوەیەك دەیپارێزین".