هەشت كەسی دیكە لە سلێمانی‌و دهۆك تووشی كۆرۆنا بوون

31-03-2020 11:02


پەرەگراف

وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕایگەیاند، لە بەردەوامی پشكنینەكان و گەڕان بەدوای گومانلێكراوان، 8 تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ دەستنیشانكران.

پێنج لە تووشبووان لە شاری سلێمانی (4 ئافرەت و 1 پیاو) كە 4 لەوان بەركەوتەی تووشبووانی پێشوون و یەكێكیش حاڵەتی نوێیە، ئەو 5 كەسە 3یان دانیشتووی سلێمانی و 2یان دانیشتووی قەزای دەربەندیخانن.

هەروەها سێ تووشبووی نوێ لە شاری دهۆك دەستنیشان كران، (2 پیاو و 1 ئافرەت) كە 2 لەوان دانیشتووی قەزای زاخۆ و یەكێكیش دانیشتووی قەزای ئامێدی یە.

كۆی گشتی تووشبووان لە ھەرێم گەیشتووەتە 170 كەس كە 2 كەسیان گیانیان لەدەستداوە‌و 61 كەسیان چاكبوونەتەوە(51 لە سلێمانی‌و 10 لە هەولێر).

ئەو 2 حاڵەتەی گیانیان لەدەستداوە، هەردووكیان لە سلێمانی بووە؛ یەكەمیان مامۆستایەكی ئاینیی بوو كە نەخۆشیی درێژخایەنی هەبوو، دووەمیش نەخۆشیی شێرپەنجەی هەبوو، هەردووكیان هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، هەرچەندە تووشبووی ڤایرۆسەكە بوون، بەڵام بەهۆی كۆرۆناوە نەمردوون.