بەدەل بەرواری بۆ پەرەگراف: چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی هەڕەشەی کوشتنم لێ دەکەن

22-08-2022 04:40
بەدەل بەرواری چالاکوانی دیاری بادینان

پەرەگراف

ژمارەیەک كەسی "دیار كە پلە و پۆستی ئەمنی و سەربازیی گەورەیان هەیە، هەڕەشەی كوشتن" لە بەدەل بەرواری چالاکوانی دیاری بادینان دەكەن. مامۆستا بەدەل بۆ پەرەگراف دەڵێت "ئەو كەسانە هەموو وێنەیان لەگەڵ بەرپرسانی پارتی و بارزانی هەیە، دیارە كێن، هەیانە پلەی لیوای هەیە".

بەشێك لەو هەڕەشانەی لە بەدەل بەرواری كراوە، لە ڕێگەی كۆمێنتەوە بووە كە بۆیان نووسیوە "تۆ تیرۆریستیت، دەبێت لەسەر شەقام لەسێدارە بدرێیت و پارچە پارچە بكرێت"، بەشێكیش بە ناردنی نامەی تایبەت هەڕەشەیان لێ‌ كردووە.

بەدەل بەرواری هۆکاری هەڕەشەکان بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە سێ‌ ڕۆژ لەمەوبەر ڤیدیۆیەکی لە فەیسبوک بڵاو كردووەتەوە کە باسی دەستگیرکردنەکەی دەکات لە ساڵی ٢٠٢٠دا.

"ڤیدیۆکە هیچ شتێكی وای تێدا نییە سوكایەتی بە حكوومەت و حیزبیش بێت، تەنیا بە ڕێژەی لەسەدا یەك حەزم كرد ئاماژە بەوە بكەم كە چۆن دەستگیر كراوم، نەك هەموو زانیارییەكەم لەبارەی دەستگیركردنمەوە ئاشكرا كردبێت" بەدەل بەرواری وای وت.

ئەو مامۆستا چالاكەی دهۆك وتیشی "ڤیدیۆكە بینەری زۆری هەبوو، ئەوە یەكەم جارە لە دهۆك كەسێك شتێك بڵاو بكاتەوە كە 105 هەزار بینەری تەنیا لە هەژماری خۆی هەبێت، ئەوانیش زۆر بەوە بێتاقەت بوون و پێیان ناخۆش بووە".

سەبارەت بە شێوازی هەڕەشەكان، بەدەل بەرواری وتی "سەرەتا هیچیان نەوت، بەڵام دواتر گرووپ گرووپ هاتنە ناو كۆمێنتەكان و دەڵێن: دەبێت لەسێدارە بدرێت و چاوەڕێ بە وا دەكەین، ئێوە تیرۆریستن و دەبێت لەسەر شەقام پارچە پارچە بكرێن".

دواتریش "سێ‌ كەس" لە نامەی تایبەتدا هەڕەشەیان لە بەدەل بەرواری كردووە و دەڵێت "یەكێكیان پێی وتم: دەمت بگرە، ئەگەر دەمت دانەخەی بزانە دێم ڕووبەڕوو چیت بەرانبەر دەكەم".

"ئەو كەسانە لە وێنەكان و هەژمارەكانیان دیارە بەرپرسی گەورەن و پۆستی سەربازی و ئەمنییان هەیە. چوومەتە ناو هەژمارەكانیان، ئەو كەسانە هەموو وێنەیان لەگەڵ بەرپرسانی پارتی و بارزانی هەیە، دیارە ئەو كەسانە كێن، هەیانە پلەی لیوای هەیە"، مامۆستا بەدەل بۆ پەرەگراف وای وت.

بەدەل بەرواری لە فەیسبوکەوە نامەیەکی کراوەی ئاڕاستەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوەیەکگرتووەکان کردووەو ئاگاداری کردوونەتەوە لە هەڕەشەکان.

ئەو مامۆستا چالاكەی بادینان ئامادە نییە سكاڵا لەسەر ئەو كەسانە تۆمار بكات و سەبارەت بە هۆكارەكەیشی دەڵێت "لێرە سكاڵا ناخوات، پاشان ئەوان حەز دەكەن سكاڵا تۆمار بكەین و بابەتەكە ببێت بە كێشەی كەسی و كۆمەڵایەتی، لەبەر ئەوە ئێمە سكاڵا تۆمار ناكەین".

"هەوڵ دەدەن كەیسە سیاسییەكان بكەن بە كۆمەڵایەتی و سبەینێ‌ لەسەر شەقام كێشەت بۆ دروست بكەن و هەرچی ڕووی دا، بڵێن كێشەی شەخسی بووە".

سەرەڕای هەڕەشەكان، مامۆستا بەدەل بەرواری سوورە لەسەر ئەوەی كە "نابێت خەڵك بێدەنگ بن و دەبێت قسە بكەن".

ئەو بۆ پەرەگراف وتی "من كێشەم لەگەڵ ڕەخنە نییە، بەڵام ئەوەی كە دەچێتە چوارچێوەی هەڕەشە و قسەی ناشیرینەوە، دەبێت باس بكرێت. من هەندێك كەس تەلەفۆنم دەكەن كە دەڵێن: قسە مەكە و مەترسیدارە، بەڵام وا نابێت، دەبێت خەڵك قسە بكات و نەترسێت، دەبێت ئەوانە بناسێندرێن كە چ كەسێكن".

بەدەل بەروای، مانگی ١٠ی ساڵی ڕابردوو دوای بەسەربردنی 14 مانگی ڕەبەق لە زیندان، دادگای هەولێر بڕیاری ئازادکردنیداو ئازاد کرا، بەرواری ڕۆژی ١٩-٨-٢٠٢٠ بە تۆمەتی هاندانی خەڵك بۆ خۆپیشاندانی بێمۆڵەت دەستگیر كرا، دوای ٥٦ ڕۆژ، دادگا بڕیاری بێتاوانیی دەركرد و دەبوو لە ١٢ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٠ ئازاد بكرێت، بەڵام ئاسایش كەیسێكی دیكەی لە دژی كردەوە و لە كاتی ئازادكردنیدا ڕاستەوخۆ دەستگیری كرد.