سەدر ڕەتیدەکاتەوە چاوی بە ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس بکەوێت

22-08-2022 06:01

پەرەگراف

موقتەدا سەدر ڕەتیکردووەتەوە چاوی بە ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپاسی پاسدارانی ئێران بکەوێت کە بۆ گفتوگۆ لەبارەی قەیرانی سیاسی و گرژییەکانی ناو ماڵی شیعە سەردانی عێراقی کردووە.

ئیبراهیم جابری بەرپرسی نووسینگەی سەدر لە بەغداد بە ڕۆژنامەی ۆڵستریت جۆرناڵی ئەمەریکی وت "سەدر خۆی لە پەیوەندی لەگەڵ ئێرانییەکان بەدوور گرتووە و ئێران هەرگیز ناتوانێت کۆنتڕۆڵی سەید موقتەدا بکات".

جابری دەشڵێت، سەدر لە ڕابردوودا لەگەڵ ژەنەراڵە ئێرانییەکان کۆبووەوەتەوە و پەیوەندی قوڵی لەگەڵ تاراندا هەبووە، "بەڵام ئامادەنەبووە ئەمجارە ئیسماعیل قائانی ببینێت".

بە وتەی ئەندامێکی باڵای میلیشیاکانی عێراق، قائانی، سەرەتای ئەم مانگە گەیشتوەتە عێراق بۆ گفتوگۆکردن و چارەسەرکردنی دۆخی چەقبەستووی وڵاتەکە.

هاوکات فەهد جبوری، بەرپرسی باڵای ڕەوتی حیکمە کە بەشێکە لە چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت "ئێران ئامۆژگاریمان دەکات، بەڵام گوێ لە هەموو ئامۆژگارییەکانی ناگرین".

جبوری دەشڵێت "قائانی جیاوازە لە قاسم سلێمانی، لاوازترەو ئاشتەوایی بەرپانەکردووە".

قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسە کە لقێکی بەهێزی سوپای پاسدارانی ئێرانەو بەرپرسە لە مامەڵە دەرەکییەکانی سوپای پاسداران.