سەدرییەکان لەبەردەم ئەنجومەنی باڵای دادوەری خێمەیان هەڵداو ئەنجومەنەکە کارەکانی ڕاگرت

23-08-2022 12:24
سەدرییەکان لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەری خێمە هەڵدەدەن، ٢٣-٨-٢٠٢٢

پەرەگراف

لایەنگرانی ڕەوتی سەدر خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانیان بردەبەردەم ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق و خێمەیان هەڵدا.

سەدرییەکان هوتاف لە دژی ئەنجومەنی دادوەری و سەرۆکەکەی دەڵێنەوەو داوا دەکەن دادگا پەرلەمانی عێراق هەڵبوەشێنێتەوە.

دوای ئەوەی لایەنگرانی سەدر چوونە بەردەم ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى، ئەنجومەنەکە ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و دەڵێت، لەگەڵ دادگاى باڵاى فیدراڵى کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنى پرسی مانگرتنى لایەنگرانى رەوتى سەدر لە بەردەم بارەگاى ئەنجومەنەکەیان و لەبارەى بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانى عێراق.

"لەڕێگەى نامەى تەلەفۆنییەوە هەڕەشەمان پێ گەیشتووە بۆ گوشارخستنەسەر دادگا" ئەنجومەنی باڵای دادوەری وادەڵێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، بڕیاریانداوە کارەکانى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى و دادگاى باڵاى فیدراڵى و دادگاکانی دیکە رابگرن لە کاردانەوەی ئەو "مامەڵە نادەستووری و نایاساییانەى" کە کراون.

 ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى ئەنجامى ئەو دۆخە دەخاتە ئەستۆى حکومەتى عێراق و ئەو لایەنە سیاسیەى کە لەپشت ئەو هەنگاوەیە بەبێ ئەوەی ناوی لایەنەکە بهێنێت.

گواستنەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان بۆ بەردەم ئەنجومەنی باڵای دادوەری لەکاتێکدایە، سەدرییەکان بە فەرمی سکاڵایان پێشکەشی دادگای فیدراڵی کردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، هێشتا دادگا بڕیاری لەو سکاڵایە نەداوە.

پێشتر سەدر داوای لە ئەنجومەنی دادوەریی کرد پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام ئەنجومەنەکە ئەوەی رەتکردەوەو ڕایگەیاند، ئەوکارە لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە.