سەدر هەڕەشەی هەڵپەساردنی کاری لیژنەی سەرپەرشتیاری خۆپیشاندانەکان دەکات و دەڵێت: بڕیار بڕیاری گەلە
پەرەگراف
گواستنەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان بۆ بەردەم ئەنجومەنی باڵای دادوەری، دۆخی بەغداو نێوماڵی شیعەی زیاتر ئاڵۆز کردو کاردانەوەی فراوانی لێکەوتەوە، سەدر هەڕەشەی هەڵپەساردنی کاری لیژنەی سەرپەرشتیاری خۆپیشاندانەکان دەکات و دەڵێت: بڕیار بڕیاری گەلە.
سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکان هەڵوێستی خۆیان پیشاندا و هۆشداریی دەدەن لە لێکەوتەی خراپ و مەترسیدارەکانی ڕاگرتنی کارەکانی دەسەڵاتی دادوەری.
لە کاردانەوەی بڕیارەکەی ئەنجومەنی دادوەریشدا، ساڵح محەمەد عێراقی کە بە وەزیری سەدر ناسراوە ڕایگەیاند، شەرمەزارییە دەسەڵاتی دادوەریی و دادگا بۆ کۆتایهێنان بە شۆڕشی چاکەخوازان کارەکانی بوەستێنێت، بەڵام کارەکانیان بۆ سەرکۆنەکردنی گەندەڵی رانەوەستێت.
ساڵح محەمەد عێراقی دەشڵێت، سەدر دوو ڕۆژە بڕیاریداوە هیچ دەستێوەردانێک نەکات و بۆ ئەوەی شۆڕشەکە خۆڕسکانە بەردەوام بێت، لەوانەیە بڕیاری هەڵپەساردنی کاری لیژنەی سەرپەرشتیاری خۆپیشاندانەکان بدات، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر هەڵپەساردنی کاری دادوەریی و دادگاکان.