ئەنجوومەنی پارێزگا و داواكاری گشتیی سلێمانی دانانی كامێراكانی چاودێریكردنی تیژڕەوییان ڕەت كردەوە

23-08-2022 03:31

پەرەگراف

ناڕەزاییەكان لە دژی دانانی كامێرای چاودێری تیژڕەوی بە سیستمی پۆینت تو پۆینت لە سلێمانی فراوان دەبن. هەریەكە لە ئەنجوومەنی پارێزگا و داواكاری گشتی دژی دەوەستنەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی كۆمپانیاكە دەكەن.

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیدا دانانی كامێراكانی چاودێری تیژڕەویی بە سیستمی پۆینت تو پۆینت تاوتوێ كرا. ئەنجوومەنەكە بە كۆی دەنگ ڕەتی كردەوە و پێشنیاری بۆ پەرلەمانی كوردستان كرد گرێبەستی نێوان وەزارەتی ناوخۆ و كۆمپانیای جێبەجێكاری پڕۆژەكە هەڵبوەشێنێتەوە.

ئازاد حەمەئەمین، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا سێ‌ بڕیارمان دا. یەكەم: بە كۆی دەنگی ئەندامانی ئامادەبوو ڕەتمان كردەوە ئەم پرۆژە لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕێن جێبەجێ‌ بكرێت".

"بڕیارێكی دیكەمان ئەوە بوو كە داوا لە داواكاری گشتی بكەین جارێكی دیكە كار بكات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستە و پێشنیازیشمان بۆ پەرلەمانی كوردستان ئەوەیە كە ڕێكاری یاسایی بگرێتە بەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی"، ئازاد حەمەئەمین وای وت.

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی وتیشی "پێشنیاز كرا بۆ تۆماركردنی سكاڵا لەسەر وەزیری ناوخۆی هەرێم، پێشنیازەكە دەنگی هێنا، دوای ئەوەی ڕا و سەرنجی پسپۆڕانی یاسایی وەردەگرین، سكاڵاكە تۆمار دەكەین".

سەرۆكی ئەنجوومەن ئاماژەی بەوەش كرد كە "لایەنی جێبەجێكاری بڕیارەكە پارێزگارە و ئەگەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دژی بڕیارەكان بوەستنەوە، ناچار دەبین ڕێكاری یاسایی بەرانبەر ئەوانیش بگرینە بەر".

بەپێی دەقی گرێبەستی پرۆژەی دانانی كامێرای تیژڕەویی (پۆینت توو پۆینت) كە لە نێوان وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و كۆمپانیای ئیرلی فیوچەر بۆ ئەلكترۆنیات واژوو كراوە، 225 كامێرا بە گوژمەی 53 ملیار و 590 هەزار دینار لە سنووری ئیدارەی سلێمانی دادەنرێن.

شوێنی كامێراكان بریتین لە (ناوشاری سلێمانی لە شەقامی 60 مەتری و 100 مەتری، ڕێگاكانی نێوان سلێمانی - ڕاپەڕین، سلێمانی - چەمچەماڵ، سلێمانی - گەرمیان و سلێمانی - هەڵەبجە).

بەپێی گرێبەستەكە، تا ئەو كاتەی كۆی تێچووی پرۆژەكە دەدرێتەوە بە كۆمپانیانی جێبەجێكار، لەسەدا 70ی داهات بۆ كۆمپانیا و لەسەدا 30 بۆ حكومەت دەبێت، دواتر لەسەدا 80ی داهات بۆ حكومەت و لەسەدا 20 بۆ کۆمپانیا دەبێت تا 15 ساڵ، پاش ئەوە كۆی پرۆژەكە دەبێت بە هی حكوومەت.

داواكاری گشتیی سلێمانی لە 18ی ئەم مانگە نووسراوێكی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتیی لێكۆڵینەوەی دەستپاكی كردووە و داوای گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی بەرانبەر دانانی كامێراكانی تیژڕەوی کردووە و دەڵێت "گرێبەستی دانانی كامێرای چاودێریی تیژڕەوی پێچەوانەی یاسایە و زیان بە بودجەی گشتی دەگەیەنێت".

داواكاری گشتیی سلێمانی دەشڵێت، سەرۆكایەتیی داواكاری گشتی لە 19-1-2022 داوای لە وەزارەتی ناوخۆ كردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ ئەو كۆمپانیایە، بەڵام تا ئێستا هیچ كارێكی پێویست لەو ڕووەوە ئەنجام نەدراوە.

ئەمە لە كاتێكدایە دوێنێ‌ لە سلێمانی تەقە لەو كامێرایانەی تۆماركردنی تیژڕەویی ئۆتۆمبێل كرا كە ماوەی هەفتەیەكە لە ڕێگای سلێمانی - دووكان بۆ تاقیكردنەوە دانراون.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی لەبارەی ڕووداوەكەوە بە پەرەگرافی وت "هێشتا پرۆژەكە تەواو نەبووە و ئەو كامێرایانە لای ئێمە وەرنەگیراوە، بۆیە ئاگامان لێی نییە".

كۆمپانیای ئێرلی فیوچەری جێبەجێكاری پرۆژەكە، دوای ڕووداوی تەقەكردنەكە سەرجەم كارمەندەكانی بۆ ناو كۆمپانیاكە كشاندووەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست كەی ئێن ئێن كەوتووە، لە ڕۆژانی ئاساییدا یەك كامێرا لەوانەی بۆ تاقیكردنەوە دانراون، زیاتر لە 500 سەرپێچیی تۆمار كردووە و لە رۆژی هەینیشدا زیاتر لە 700 سەرپێچی تۆمار كردووە.