پەرەگراف
سیستەمێكی نوێی ئەلیكترۆنی بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری لە هەرێمی كوردستان ڕاگەیەندرا و جۆرەكانی مۆڵەت لە دوو جۆری تایبەت و گشتییەوە بۆ 13 جۆر زیاد كران.
سیستەمەكە ئەمڕۆ لە هەولێر خرایە كار و مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، وەكوو یەكەم كەس مۆڵەتی شۆفێرییەكەی بە ئەلیكترۆنی گۆڕی.
فازڵ حاجی، وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر، دەڵێت "هەڵگرانی مۆڵەتی تایبەت دەبن بە خاوەنی مۆڵەتی شۆفێری لە جۆری B، ئەو كەسانەیشی مۆڵەتی شۆفێریی گشتییان هەیە، دەبنە خاوەنی مۆڵەتی شۆفێریی جۆرەكان B ،D1 ،C1".
سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە كاتی بەركاركردنی سیستەمی نوێی مۆڵەتی شۆفێری، وتی "ئەم سیستمە نوێیە ئێمەی لە بەكارهێنانی كاخەز و ڕۆتینێكی دوور و درێژەوە هێناوەتە ئاستێك كە بە شێوەی ئەلیكترۆنی و خێرا كارەكانمان ئەنجام بدەین".
مەسرور بارزانی وتیشی "بەئەلیكترۆنیكردنی مۆڵەتی شۆفێری، دەبێتە بناغەیەك بۆ كۆكردنەوەی داتای هاووڵاتیانی كوردستان، بۆ ئەوەی لەمەودوا بتوانین هەم دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری بە شێوەی ئەلیكترۆنی ئەنجام بدەین و هەم دەبێت بە بنەمایەك بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەكانی دیكەش بە ئەلیكترۆنی ئەنجام بدرێن".
جۆرەكانی مۆڵەتی شۆفێری:
جۆری A1: ڕێگە بە هەڵگرەكەی دەدات شۆفێریی ماتۆڕسكیلێك بكات كە قەبارەی لە 40CC زیاتر نەبێت و تەمەنی 16 ساڵی تەواو كردبێت.
جۆری A: ڕێگە بە هەڵگرەكەی دەدات شۆفێریی ماتۆڕسكیلێك بكات كە قەبارەی لە 40CC زیاتر بێت و دەبێت دوو ساڵ بە سەر مۆڵەتی جۆری A1دا تێپەڕ بووبێت.
جۆری B: ڕێگە بە هەڵگرەكەی دەدات شۆفێریی ئۆتۆمبێلێك بكات كە كێشی بە بارەوە لە 3500 كیلۆگرام زیاتر نەبێت و عارەبانەیەك ڕابكێشێت كە كێشی بە بارەوە لە 750 كیلۆگرام زیاتر نەبێت، بە هەر دووكیان بە بارەكانیانەوە كێشیان لە 3500 كیلۆگرام زیاتر نەبێت. پێویستە داواكار تەمەنی 18 ساڵی تەواو كردبێت. ئەمەش دوو جۆر دەگرێتەوە:
ا- ئۆتۆمبێلی ساڵۆن و ستەیشن كە بە شۆفێرەوە لە نۆ سەرنشین زیاتر نەبێت.
ب- ئۆتۆمبێلی پیك ئاب (تاك یان دەبڵ كابینە).
جۆری BE: ڕێگە دەدات بە هەڵگرەكەی شۆفێریی ئۆتۆمبێلی مۆڵەتی جۆری B بكات و عارەبانەیەك ڕابكێشێت كە كێشی لە 750 كگم زیاتر نەبێت و لە 3500 كگم بە بەتاڵی زیاتر نەبێت. پێویستە تەمەنی 18 ساڵی تەواو كردبێت. پێویستە داواكاری ئەم جۆرە مۆڵەتە پێشتر مۆڵەتی جۆری Bی بەدەست هێنابێت و ساڵێكی بەسەردا تێپەڕ بووبێت.
جۆری C1: ڕێگە بە هەڵگرەكەی دەدات شۆفێریی ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر بكات كە كێشی بە باركراوی لە نێوان 3500 كگم و 7500 كگمدا بێت و دەتوانێت عارەبانەیەك ڕابكێشێت بە باركراوی كە كێشی لە 750 كگم زیاتر نەبێت. پێویستە داواكار تەمەنی 20 ساڵی تەواو كردبێت و پێشتر مۆڵەتی جۆری Bی بەدەست هێنابێت و ساڵێكی بەسەردا تێپەڕ بووبێت.
جۆری C1E: ڕێگە بە هەڵگرەكەی دەدات شۆفێریی ئۆتۆمبێلی ئەم جۆرانەی خوارەوە بكات و پێویستە داواكار تەمەنی 20 ساڵی تەواو كردبێت، شۆفێرەكە پێشتر مۆڵەتی جۆری C1ی هەبووبێت:
ا- ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە شۆفێرەكەی مۆڵەتی جۆری BEیان هەیە.
ب- ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە شۆفێرەكەی مۆڵەتی جۆری Bیان هەیە و دەكرێت ئۆتۆمبێلەكە عارەبانە یان نیمچە عارەبانەیەك ڕابكێشێت و كێشی بە باركراوی لە نێوان 3500 كگم بۆ 12000 كگم بێت.
ج- ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە شۆفێرەكەی مۆڵەتی جۆری C1یان هەیە و دەكرێت ئۆتۆمبێلەكە عارەبانە یان نیمچە عارەبانەیەك ڕابكێشێت و كێشی بە باركراوی لە نێوان 3500 كگم بۆ 12000 كگم بێت، بەو مەرجەی كێشی عارەبانەكە لە كێشی ئۆتۆمبێلەكە زیاتر نەبێت.
جۆری C: ڕێگە بە هەڵگرەكەی دەدات شۆفێریی ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر بكات كە كێشی بە باركراوی لە 3500 كگم زیاتر نەبێت، دەكرێت ئۆتۆمبێلەكە عارەبانەیەك ڕابكێشێت كە كێشی لە 750 كگم بە باركراوی زیاتر نەبێت، پێویستە داواكار تەمەنی 20 ساڵی تەواو كردبێت و پێشتر مۆڵەتی جۆری Bی بەدەست هێنابێت و ساڵێكی بەسەردا تێپەڕ بووبێت.
جۆری CE: ڕێگە بە هەڵگرەكەی دەدات شۆفێریی ئۆتۆمبێلی جۆری (قاطرە و مقطورە) بكات و دەبێت (مقطورە) كێشی لە 750 كگم زیاتر بێت و داواكار تەمەنی 20 ساڵی تەواو كردبێت، پێویستە شۆفێرەكە پێشتر مۆڵەتی Cی هەبووبێت و ساڵێكی بەسەردا تێپەڕ بووبێت. هەڵگری ئەم جۆرە مۆڵەتە دەتوانێت شۆفێری ئۆتۆمبێلی مۆڵەتی جۆری C1E و BE و T بكات.
جۆری D1: ڕێگە بە هەڵگرەكەی دەدات شۆفێریی پاس بكات كە لە 16 سەرنشین لەگەڵ شۆفێر زیاتر نەبێت، دەتوانێت عارەبانەیەك كە كێشی لە 750 كگم زیاتر نەبێت، ڕابكێشێت. پێویستە داواكار تەمەنی 20 ساڵی تەواو كردبێت و پێشتر مۆڵەتی جۆریB ی بەدەست هێنابێت و ساڵێكی بەسەردا تێپەڕ بووبێت.
جۆری D1E: ڕێگە دەدات بە هەڵگرەكەی شۆفێریی جۆری D1 بكات و دەكرێت ئۆتۆمبێلەكە عارەبانەیەك ڕابكێشێت كە كێشی لە 750 كگم زیاتر بێت. ئەم جۆرە مۆڵەتە ڕێگە بە هەڵگرەكەی دەدات شۆفێریی ئۆتۆمبێلی جۆرەكانی D1 و B و BE و C1E بكات. داواكار پێویستە تەمەنی 20 ساڵی تەواو كردبێت و پێشتر مۆڵەتی جۆری D1ی هەبووبێت و ساڵێكی بەسەردا تێپەڕ بووبێت.
جۆری D: ڕێگە دەدات بە هەڵگرەكەی شۆفێریی ئۆتۆمبێلی گواستنەوە بە هەموو جۆرەكانییەوە بكات و دەكرێت ئۆتۆمبێلەكە عارەبانەیەك ڕابكێشێت كە كێشی لە 750 كگم زیاتر نەبێت. داواكار پێویستە تەمەنی 20 ساڵی تەواو كردبێت و پێشتر مۆڵەتی جۆری Bی بەدەست هێنابێت و ساڵێكی بەسەردا تێپەڕ بووبێت.
جۆری DE: ڕێگە بە هەڵگرەكەی دەدات شۆفێریی ئۆتۆمبێلی گواستنەوە بكات و دەكرێت ئۆتۆمبێلەكە عارەبانەیەك ڕابكێشێت كە كێشی لە 750 كگم زیاتر بێت. پێویستە داواكار تەمەنی 20 ساڵی تەواو كردبێت، پێشتر مۆڵەتی جۆری Dی هەبێت و ساڵێكی بەسەردا تێپەڕ بووبێت. هەڵگری ئەو جۆرە مۆڵەتە، دەتوانێت شۆفێریی جۆری مۆڵەتەكانی BE و D1E بكات و دەكرێت بەكار بێت بۆ شۆفێریی ئۆتۆمبێلی جۆری C1E ئەگەر شۆفیر مۆڵەتی جۆی C1ی هەبێت.
جۆری T: ڕێگە دەدات بە هەڵگرەكەی شۆفێریی ئۆتۆمبێلی كشتوكاڵی بكات و دەكرێت (مقطورە) یان (نیمچە مقطورە) یان عارەبانە ڕابكێشێت. هەروەها هەڵگر دەتوانێت شۆفێریی ئۆتۆمبێلی بیناسازی بكات لەگەڵ ڕاكێشانی (مقطورە) یان (نیمچە مقطورە)، پێویستە داواكار تەمەنی 18 ساڵی تەواو كردبێت.
