كلدۆ ئاشووری و سریان داوای تۆماری دەنگدەرانی تایبەت بە خۆیان دەكەن

27-08-2022 03:11

پەرەگراف

پێنج حیزبی پێكهاتەكانی كلدۆ ئاشووری و سریان ڕەخنە لە بێبەشكردنیان لە كۆبوونەوەكانی لایەنەكانی هەرێم و نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان دەگرن، داواش دەكەن تۆماری دەنگدەرانی تایبەت بە خۆیانیان هەبێت و نوێنەرەكانیان بۆ پەرلەمان لەناو خۆیاندا هەڵببژێرن.

ئەو پێنج حیزبە لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا جەخت دەكەنەوە كە "قبووڵكراو نییە پرسی كورسیی كۆتاكان خاڵێکى ناکۆکى نێوان حیزبە کوردییەکان بێت و خۆیان تاوتوێى بکەن و بڕیارى لەبارەوە بدەن، بەبێ ئەوەی بۆچوونی ئێمە لەبەرچاو بگیرێت".

حیزبەكانی كلدۆ ئاشووری و سریان لە سەرەتای بەیاننامەكەیاندا ڕەخنە لە بانگهێشتنەكردنیان بۆ كۆبوونەوەكانی ماوەی ڕابردووی نێوان لایەنە كوردستانییەكان و جینین پلاسخارت، نێردەی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان دەگرن، كە لە سەرۆکایەتیى هەرێم بۆ تاوتوێی پرسى هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە چوون.

ئەو پێنج حیزبە بە تایبەت ڕەخنە ئاراستەی نێردەی سكرتێری نەتەوەیەكگرتووەكان دەكەن، بەوپێیەی بڕیارە "پاڵپشتیكاری دیموكراسی بێت لە عێراقدا" و دەڵێن "ئەو بابەتانەی گفتوگۆیان لەبارەوە كراوە، پەیوەندیی بە هەموو پێكهاتەكانی هەرێمەوە هەیە"، نەک پێکهاتە و نەتەوەیەکى دیاریکراو، بۆیە دەبوو ئەوانیش کە لە دواى کورد "پێکهاتەى دووەم"ن لە هەرێمدا، بەشداربوونایە.

هەروەها باس لەوە دەكەن كە پرسێكی سەرەكیی نێوان لایەنەكان كورسی كۆتاكانە كە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بەوانەوە هەیە، هەر بۆیە یان لە كۆبووەنەوەكانی داهاتوو دەبێت بەشدار بن، یاخود خۆیان بە جیا لەگەڵ نێردەی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق كۆدەبنەوە.

پێنج حیزبەكە جەخت لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەنەوە لەسەر بنەمای دادپەروەری و شەراكەتی ڕاستەقینە.

"بەم شێوەیە ئێمە دڵنیا دەبینەوە لەوەی كە پرۆسەی هەڵبژاردن بە ئامانجی خۆی دەگات كە گوزارشتكردنە لە ئیرادەی ڕاستەقینەی گەل بەبێ دەستوەردانی هێزە سیاسییە باڵادەستەکان كە ئیرادەی پێكهاتەكان دەدزن و نوێنەرێكیان بەسەردا دەسەپێنن كە گوزارشت لەوان ناكات"، حیزبەكانی كلدۆ ئاشووری و سریان وا دەڵێن.

ئەو حیزبانە كە پێكهاتوون لە (الحركة الديمقراطية الآشورية، اتحاد بيث نهرين الوطني، الحزب الوطني الآشوري، حزب أبناء النهرين، المجلس الشعبي الكلداني السرياني الآشوري)، لە پێنج خاڵدا داواكاری و هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بە هەڵبژاردن و كورسیی پێكهاتەكان خستووەتە ڕوو.

١- سنوورداركردنی دەنگدان تەنها لەناو ئەندامانی پێكهاتەی كلدۆ ئاشووری و سریاندا.

٢- دانانی تۆمارێكی دەنگدانی تایبەت بە دەنگدەرانی پێكهاتەكە.

٣- هەڵبژاردنی كۆتا بەر لە هەڵبژدارنی گشتی ئەنجام بدرێت.

٤- كارتی دەنگدان و بنكە و وێستگەكانی دەنگدانی تایبەت بە دەنگدانی كۆتا ئامادە بكرێن.

٥- زیادكردنی ژمارەی كورسیی كۆتاكان بەپێی زیادبوونی سروشتیی دانیشتوان لە ناوخۆی نیشتمان و تاراوگە.