سەدر مەرجی نوێی بۆ ڕێككەوتن هەیە؛ ئامادەیە لە 72 كاتژمێردا ڕێككەوتن واژوو بكات

27-08-2022 06:07

پەرەگراف

وەزیرەكەی سەدر ئاشكرای دەكات، بە مەرجی بەشدارینەكردنەوەی ئەو حیزب و كەسایەتییانەی لە دوای 2003ـەوە لە پرۆسەی سیاسیدا بەشدار بوون، ڕێبەری ڕەوتی سەدر ئامادەیە لە ماوەی 72 كاتژمێردا ڕێككەوتن واژوو بكات.

ساڵح موحەممەد عێراقی كە بە وەزیری سەدر ناسراوە، لە تویتێكی نوێدا دەڵێت "گرنگتر لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پیشوەختە، بەشدارینەكردنی سەرجەم ئەو حیزب و كەسایەتییانەیە كە لە دوای پرۆسەی داگیركردنی عێراق لەلایەن ئەمریكا لە ساڵی 2003، بەشداریی پرۆسەی سیاسییان كردووە تا ئەمڕۆ".

لە وردەكاریی پێشنیازە نوێیەكەی سەدردا جەخت كراوەتەوە كە سەرجەم ئەوانەی لە پرۆسەی سیاسیدا بەشدار بوون بەوانەی ڕەوتی سەدریشەوە، لە هەر پلە و پۆستێكدا بووبن "سەركردە، وەزیر، فەرمانبەر و پلە تایبەتەكانی سەر بە حیزبەكان"، نابێت لە پرۆسەی نوێی سیاسیدا بەشدار بن كە هەڵبژاردنی پێشوەختە هەنگاوی یەكەمیەتی.

وەزیرەكەی سەدر ڕایگەیاندووە كە ئەگەر ئەو مەرجە جێبەجێ‌ بكرێت، موقتەدا سەدر ئامادەیە كە لە ماوەی 72 كاتژمێردا ڕێككەوتن واژوو بكات.

موقتەدا سەدر هۆشداریی داوە كە "نابێن بوترێت ئەمە دوای هەڵبژاردنی داهاتوو جێبەجێ دەكرێت، ناشبێت بە خوێن بەدی بێت".

ڕێبەری ڕەوتی سەدر پێی وایە "ئەگەر ئەمە بەدی نەیەت، دەرفەت بۆ چاكسازی نییە" و دەڵێت "ئەوكات پێویست ناكات سەبارەت بەوەی لە داهاتوودا ڕوو دەدات، من بێمە سەر هێڵ، نە بە تویت و نە بە هیچ شتێكی دیكە".