چالاكانی مافی ئاژەڵ: لە 600 سەگ كە براونەتە شێڵتەرەكەی سلێمانی، 100 دانەیان ماون

28-08-2022 01:04
گردبوونەوەی چالاكانی مافی ئاژەڵ لە سلێمانی. فۆتۆ: هەردی عوسمان - پەرەگراف

پەرەگراف

چالاكانی مافەكانی ئاژەڵ و ئاژەڵدۆستان ڕەخنەیان لە شێڵتەری سەگە بێلانەكانی سلێمانی هەیە و دەڵێن "سەگەكانی شێڵتەرەكە لە تینوێتی و برسێتیدا دەمرن. لە كۆی ٦٠٠ سەگ كە براونەتە شێڵتەرەكە، ١٠٠ دانەیان ماون". ئەوان دەشڵێن "شوێنێك كە داری تێدا نەڕوێت، چۆن ئاژەڵی تێدا دەژی؟!".

ئەو چالاكانە لە گردبوونەوەیەكدا جەختیان كردەوە كە دەبێت ڕێگەی دیكەی تەندروست بۆ كەمكردنەوەی ئەو سەگانە بگیرێتە بەر و وتیان "لەگەڵ شارەوانیی سلێمانی ڕێككەوتوون كە ئەو سەگانە نەزۆك بكرێن و بخرێنەوە سەر شەقام، بەو شێوەیە مەترسییەكانیان كەم دەبێتەوە و لە ماوەی دوو ساڵیشدا ژمارەیان زۆر كەم دەبێتەوە".

بەڵام ڕەخنەیان لەوە هەبوو، سەرەڕای نەگونجاویی شێڵتەری سەگە بێلانەكان و چاكنەكردنی كەموكووڕییەكان كە بەهۆیەوە سەگەكان ناتوانن تێدا بژین، كەچی هێشتا ڕۆژانە سەگی دیكە دەبرێتە شێڵتەرەكە كە بەشێكیان ئەوانەن كە نەزۆك كراون.