ئەنجامی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی؛ بافڵ تاڵەبانی بە سەرۆك هەڵبژێردرا

28-08-2022 04:57

پەرەگراف

ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی بەپێی پەیڕەوی نوێى ناوخۆی حیزبەكە، سیستەمی هاوسەرۆكایەتیی هەڵوەشاندەوە و بافڵ تاڵەبانیی بە سەرۆك هەڵبژارد.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنەكەدا بافڵ تاڵەبانی خۆی بۆ سەرۆكایەتیی یەكێتی كاندید كردووە و ئەنجوومەنەكەیش دەنگیان پێ‌ داوە.

ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی، هەڵبژاردنەوەی بافڵ تاڵەبانیی بە سەرۆك دوای ئەوەی كە پێشتر بە سەرۆك دیاری كرابوو، بە "نەریتی حیزبایەتی و تەئكیدكردنەوەی ئاسایی" ناو بردووە.

لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ دەربارەی دۆخی هەرێم و عێراق كراوە و ڕاگەیەندراوەكە دەڵێت "ئەنجوومەنی سەركردایەتی لە گفتوگۆكانیاندا دەستخۆشییان لە سەرۆك بافڵ و تیمی یاوەری لە بەغدا كرد كە سیاسەتەكانی ماوەی ڕابردوو پێگەی یەكێتیی وەك زەمانی سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك مام جەلال بوژاندووەتەوە و سەنگی سیاسەتی كوردستانی لە عێراق و ناوچەكە بەرزكردووەتەوە".

نوێ‌ دەكرێتەوە...