ئەندامێکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی لە قەزای کفری کوژرا

28-08-2022 06:32

پەرەگراف

سوهەیل خورشید ناسراو بە مامۆستا شەماڵ ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی-نزیک لە پەکەکە-، کە هاوکات مێژوونووس و نووسەرێکی دیاری گەرمیانە لە قەزای کفری کوژرا.

مامۆستا شەماڵ دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دوای گەڕانەوەی لە دەوامی فەرمانگەکەی لە کشتوکاڵی کفری، لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا دەستڕێژی گوللەی لێکرا.

پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، دوای ڕووداوەکە چوونەتە شوێنەکەو دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە. بەڵام هێشتا هیچ زانیارییەکان ئاشکرا نەکردووە.

هاوکات دەستەی ھاوسەرۆکایەتی تەڤگەری ئازادی لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕووداوەکە بە "تیرۆری دەوڵەتی تورکیا بە ھاوکاری خیانەتکارانی ناوخۆیی" ناودەبات.

"ئەم تیرۆرە و تیرۆرەکانی تر پێمان دەڵێت دوژمنانی گەلی کورد و ئازادی، ئازادانە  کردە تیرۆرستیەکانیان ئەنجام دەدەن و دەرباز دەبن، ئەرکی دۆزینەوە و ئاشکرا کردنی  بکوژانی مامۆستا شەماڵ  لە گەردنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ئاسایش و دەزگا ئەمنیەکانی گەرمیاندایە و پێویستە ھەرچی زووە بکوژان ئاشکرا و دەستگیر بکەن، لەو پێناوەشدا ھەموو ئەرکێکی ھەڤاڵێتی و ئەخلاقی و ویژدانیمان جێبەجێ دەکەین" دەستەی ھاوسەرۆکایەتی تەڤگەری ئازادی وادەڵێت.

ڕووداوەکە لە کاتێکدایە، ڕۆژی ١٧-٦-٢٠٢٢ لە هێرشێکی ئاسمانیی توركیادا لە گوندێكی كەلار، فەرهاد شبلی جێگری هاوسەرۆكانی ئەنجومەنی جێبەجێكاری ئیدارەی خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان، کوژرا. 

ئەوکات خۆبەڕێوەبەرێتیی ڕۆژئاوای کوردستان، ڕایگەیاند، فەرهاد شبلی بۆ ئەنجامدانی پشكنین و وەرگرتنی چارەسەری پزیشكیی سەردانی شاری سلێمانیی كردبوو، داوای لە عێراق و هەرێم کرد "بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن و هەڵوێست دەرببڕن".