سەدر وازهێنانی لە کاری سیاسی ڕاگەیاندو سەرجەم دامەزراوەکانی دادەخات

29-08-2022 01:12

پەرەگراف

موقتەدا سەدر بڕیاریدا بە هەمیشەیی واز لە کاری سیاسی بهێنێت و سەرجەم دامەزراوەکانی دابخات جگە لە مەرقەد و مۆزەخانەی سەدر.

ئەو بڕیارەی سەدر  لە تویتێکدا هات کە ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، ئەوەش دوای نەگەیشتنە ئەنجام لەگەڵ ڕکابەرە سیاسییەکانی لەناو ماڵی شیعە بۆ ئەنجامدانی ئەو گۆڕانکارییانەی لە دوای بنبەستی سیاسی داوایان دەکات کە دیارترینیان هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختەیە.

وازهێنانی هەمیشەیی سەدر لە سیاسەت لەکاتێکدایە، هەزاران لایەنگری ڕەوتەکەی لە شەقامەکانی بەغداد بەردەوامن لە مانگرتن و دەربڕینی ناڕەزایی، ئەوەش دوای پەکسختنی پەرلەمان و کۆنتڕۆڵکردنی لەلایەن خۆپیشاندەرە سەدرییەکانەوە.

لە دوای ئەم هەڵوێستە  نوێیەی سەدر، لیژنەی سەرپەرشتیکردنی خۆپیشاندانەکان کە لەلایەنە ڕەوتەکەیەوە دامەزرابوو، کارەکانی هەڵپەسارد، هاوکات ساڵح محەمەد عێراقی کەسایەتی نزیک لە سەدر سەرجەم ئەکاونتەکانی لە تۆرەکۆمەڵایەتییەکان داخست کە لەوێوە زۆر جار هەڵوێستی سەرد لەسەر پێشهات و گۆڕانکارییەکان بڵاودەکرانەوە.

دوای بڕیارەکەی سەدر بۆ وازھێنانی ھەمیشەیی لە سیاسەت، پشێوییەکی زۆر ناوچەی سەوزی بەغدادی گرتووەتەوەو خۆپیشاندەران دەیانەوێت ھەڵبکوتنەسەر کۆشکی کۆماری و دامەزراوەکانی دەوڵەت.

هاوکات سەباح ساعد سەرکردەی ڕەوتی سەدر، دەڵێت "گەل سەرچاوەی دەسەڵاتەو قسەی کۆتایی بۆ ئەوە".

سەرجەم دەروازەکانی چوونە ناو ناوچەی سەوزی بەغدادیش داخران و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان داوا لە خۆپیشاندەران دەکات دەستبەجێ لە ناوچەی سەوز بکشێنەوە.