موقتەدا سەدر یەک کاتژمێر بۆ کشانەوەی خۆپیشاندەران دادەنێت

30-08-2022 01:10

 پەرەگراف

موقتەدا سەدر ڕایگەیاند، لە ماوەی ٦٠ خولەکدا خۆپیشاندەران و مانگرتووان تەنانەت لە بەردەم پەرلەمانیش نەکشێنەوە حاشایان لێدەکەم.

سەدر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، بە تووندی دژی شەڕو پێکدادانەکان وەستا کە لە دوێنێوە لە بەغداو چەند ناوچەیەکی دیکەی عێراق تا ئێستا بەردەوامەو وتی "نەفرەت لەو شۆڕشەی چەک و توندوتیژی تێدابێت".

سەدر داوای لێبوردنی لە گەلی عێراق کرد بەهۆی ڕشتنی خوێنەوەو وتی، بکوژو کوژراوی پێکدادانەکان "لە دۆزەخدان".

سەدر جارێکی دیکە سووربونی لەسەر دوورکەوتنەوە لە سیاسەت پیشانداو وتی "من هەقم بەسەر سیاسەتەوە نییەو پرسیاری سیاسەتم لێ مەکەن".

پەیامەکەی سەدر دوای ئەوەدێت لە دوێنێوە شەڕی سەخت بەتایبەت لە ناوچەی سەوز لە نێوان سەریا سەلامی سەربە ڕەوتی سەدرو لایەنگرانیان و حەشدی شەعبی و لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەستی پێکردووەو نزیکەی ٣٠ کوژراو و زیاتر لە ٣٠٠ بریندار هەن.

دوای پەیامەکەی ئەمڕۆی سەدر خۆپیشاندەران دەستیان بە کشانەوە کردو شەڕ بەرەو وەستانی تەواوەتی دەچێت.