بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ نیوە کەمدەبێتەوە بەبێ وەبەرهێنانی نوێ

30-08-2022 05:10

پەرەگراف

به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌ هه‌رێمی کوردستان تا ساڵی 2027 نزیکه‌ی بۆ نیوه‌ی ئێستا داده‌به‌زێت، ئه‌گه‌ر هیچ گەڕانێکی نوێ و وه‌به‌رهێنانی گەوره‌ له‌و که‌رته‌دا نه‌کرێت، ئەمە بەپێی بە‌ڵگه‌ حکومییەکان که لەلایەن‌ ئاژانسی ڕۆیته‌رزەوە بینراون.

ڕۆیتەرز دەڵێت، دیپلۆماتکاران و بەرپرسان و پسپۆڕانی وزە پێیانوایە دابەزینی بەرچاوی داهاتی نەوت لە هەرێمی کوردستان کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی حکومەتە، ئازارە ئابوورییەکانی هەرێمەکە زیاتر دەکات.

بەپێی بەڵگەنامەكان، بەرهەمی نەوتی هەرێم دەتوانرێت لە ماوەی پێنج ساڵدا بۆ 580 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا بەرزببێتەوە لە ژێر سیناریۆیەكدا كە تێیدا وەبەرهێنان لەو کەرتەدا باشتر بکرێت، بەمەش 530 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بۆ هەناردەكردن بەردەست دەبێت -ئێستا دەوروبەری ٤٥٠ هەزارە-. بەڵام بەبێ وەبەرهێنانی نوێ، ڕەنگە تەنها 240 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لەبەردەستدا بێت بۆ هەناردەکردن بەهۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی بیرە کۆنەکان.

حکومەتی هەرێم ئامادە نەبووە وەڵامی ڕۆیتەرز بداتەوە لەسەر ئەم بابەتە.

لە ئێستادا قەرزەكانی حكومەتی هەرێم نزیكەی 38 ملیار دۆلارە و بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دۆخی دارایی حکومەتی هەرێم ئەمساڵ باشتر بوو، بەڵام هێشتا حکومەت توانای دابینکردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی نییە لە کاتی خۆیدا.

سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێم دەڵێت، هۆکاری دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێستا دەگەڕێتەوە بۆ نەتوانینی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ وەبەرهێنانی زیاتر بە مەبەستی زاڵبوون بەسەر دابەزینی سروشتی کە ساڵانە ڕوودەدات لە 15% بۆ 20% لە بەرهەمهێناندا بۆ هەر بیرێک.

لە بەڵگەنامەکانی حکومەتدا هاتووە، دابەزینی ئاستی بەرهەم لە سێ کێڵگەی نەوتی سەرەکی (تاوکێ، خورمەڵە و تەق تەق) هۆکاری سەرەکی دابەزینی نەوتن.

ئەوەش لە کاتێکدایە هەرێمی کوردستان لە شەڕێکی سەختی یاساییدایە لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر نەوت و گاز، بەتایبەت دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی شوباتی ئەمساڵ دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریدا بە نادەستووری بوونی یاسای نەوت و گازی هەرێم و بەوەش کۆی پڕۆسەی نەوتی هەرێمی بە ناسایی لەقەڵەمداو داوایکرد بخرێتە ژێر دەستی حکومەتی ناوەندی.

لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، حکومەتی عێراق زنجیرەیەک ڕێوشوێنی لە دژی نەوتی هەرێم گرتەبەر، لەوانەش هەڕشەکردن لەو کۆمپانیا جیهانییانەی نەوتی هەرێم دەکڕن و هۆشدارییدان کە وەک "مامەڵە بە نەوتی قاچاغ" هەژماریان دەکات و ڕێکاری یاسایی لە دژیان دەگرێتەبەر.

لەناوخۆی عێراقیش وەزارەتی نەوت هۆشداریی بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانداوە کە وەبەرهێنان لە نەوتی هەرێمدا نەکەن تا کاتی پابەندبوونی هەرێم بە بڕیارەکەی دادگا فیدراڵی،  بەغداد ئەو کۆمپانیایانەی خستووەتە لیستی ڕەشەوە کە بەردەوامن لە کارکردن لە خزمەگوزاریی نەوتی هەرێم.