وەزیرەکەی سەدر هێرشی تووند دەکاتەسەر چوارچێوەی هەماهەنگی و بە "بێئابڕوو" ناویان دەبات

31-08-2022 11:19

پەرەگراف

وەزیرەکەی سەدر لە پەیامێکدا هێرشی تووند دەکاتەسەر لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزە چەکدارەکانیان و بە "بێئابڕوو" ناویان دەبات بەهۆی ئەوەی وەک ئەو دەڵێت، هێشتا خوێنی کوژراوانی خۆپیشاندانەکان وشک نەبووەتەوە کە "دەڵێن پەرلەمان کۆدەبێتەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بێئابڕوو."

ساڵح محەمەد عێراقی، کە بە وەزیری موقتەدا سەدر ناسراوەو پەیامەکانی بە هەڵوێستی سەدر دادەنرێت، لە تویتێکدا ڕەخنەی تووند لە هەڵوێستەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی دەگرێت بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان و هۆشداریش دەداتە ئێران و دەڵێت "حوشترەکەتان لە عێراق ببەستنەوە، ئەگەر نا پەشیمانی سوودی نابێت".

وەزیرەکەی سەدر دەڵێت: هێشتا خوێنی خۆپێشاندەرانی ئاشتیخواز، کە بە ناڕەوا و بە گوللەی گرووپە چەکدارە قێزەونەکانیان کوژران، وشک نەبووەتەوە. وەکو بڵێی ئەوەی کوژرا تیرۆریستە یان زایۆنی؛ وەکو بڵێی شیعە نییە و پەیوەندی بە نیشتمانەوە نییە.

"هیچکات هەڵوێستەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بێئابڕوو و هەڵوێستی گرووپە چەکدارە بێئابڕووەکانیم بەلاوە سەیر نەبوو، کە دەڵێن بەردەوام دەبن لە هەوڵی کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بێئابڕووی خۆیان" ساڵح محەمەد عێراقی وادەڵێت.

دەشڵێت "چوارچێوەی هەماهەنگی و گرووپە چەکدارەکانی بێڕەوشتن و ئاینیان نییە، چونکە ئەوان سێکوچکەیەکی بێئابڕوون و نازانن چاکسازی و شۆڕش و ئاشتیخوازی و نەهامەتی خەڵک چین".