دادگای هەولێر لەبارەی دۆسیەی پێنج سزادراوەكەی شیلادزێوە بڕیاری دا

31-08-2022 01:03

پەرەگراف

دادگای كەتنی دەشتی هەولێر لەبارەی دۆسیەی پێنج سزادراوەكەی شیلادزێوە بڕیاری دا و دەڵێت "ئازادكردنی مەرجدار (ئیفراج شەرتی) نایانگرێتەوە". پێنج سزادراوی دیکەى بادینانیش بەردەوامن لە مانگرتن و داواکارییان بۆ ئازادكردنیان بە مەرج، ڕاگرت و داوای گواستنەوەیان بۆ چاكسازیی گەورانی سلێمانی دەكەن.

بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "دادگای كەتن پاڵپشت بە بڕیارەكەی داواكاری گشتیی چاكسازیی گەورانی هەولێر، بڕیاری دا بە ڕەتكردنەوەی ئیفراج شەرتی (ئازادكردنی مەرجدار) بۆ هەریەك لە كۆڤان تاریق، نێچیرڤان بەدیع، ئەمجەد یوسف، مەحموود ناجی و یوسف شەریف".

بەشدار حەسەن وتیشی "هەفتەی داهاتوو لەگەڵ تیمی پارێزەران داواكاری بۆ پێداچوونەوە بە بڕیارەكەی دادگا پێشكەش دەكەین".

ئەو پارێزەرە جەختی كردەوە كە ئەو بڕیاری تەمیزییەی داواكاری گشتی و دادگای كەتن پشتیان پێ‌ بەستووە بۆ ڕەتكردنەوەی ئازادكردنی بەمەرجی پێنج چالاكەكەی شیلادزێ، پەیوەندیی بەو ماددەیەوە نییە كە ئەو پێنج كەسەی پێ‌ دادگایی كراون.

هەروەها بڕیارەكەی دادگای بە "سەرپێچیی یاسا" ناو برد و وتی "پێنج سزادراوەكەی شیلادزێ‌ بە ماددەی یەك لە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی كوردستان دادگایی كراون، ئەوەی ئەوان پشتیان پێ‌ بەستووە باس لە ماددەی سێ‌ لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەكات".

هەر لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا ئەو پارێزەرە ئاشكرای كرد كە "شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گۆهدار زێباری، ئەیاز كەڕەم و هاریوان عیسا لە ڕێگای چاكسازیی گەورانی هەولێرەوە داواكارییەكیان ئاراستەی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی كردووە بۆ گواستنەوەیان بۆ چاكسازیی گەورانی سلێمانی".

بەشدار حەسن ئاماژەی بەوە كرد كە ئەو پێنج سزادراوەی بادینان "بەردەوامن لە مانگرتن و باری تەندروستییان ناجێگیرە".

سەبارەت بە داواكاریی ئەوان بۆ ئازادكردنیان بە مەرج، بەشدار حەسەن وتی "ئەوان داواكارییەكەیان كشاندووەتەوە و ئەو كاتەی گوازرانەوە بۆ چاكسازیی سلێمانی، لەوێ‌ داواكاری بۆ ئازادكردنیان بە (ئیفراج شەرتی) پێشكەش دەكرێت".

پێنج سزادراوەكەی شیلادزێ‌ نزیكبوونەتەوە لە تەواوكردنی سزاكەیان و ئەگەر بڕیاری ئازادكردنی مەرجداریان بۆ دەربكرایە، دەبوو لە 15-6-2022 ئازاد بكرێن، بەڵام لە ئێستادا پارێزەرەكەیان دەڵێت "سێ‌ مانگ و شتێك لە سزاكەیان ماوە".