یەكێتی و پارتی لە ساڵیادی 31ی ئابدا یەكتر بە 'خیانەت' تاوانبار دەكەن

31-08-2022 04:05

پەرەگراف

لە ساڵیادی ڕووداوەكانی 31ی ئابی شەڕی ناوخۆدا، یەكێتی و پارتى یەکتر بە هێنانى "سوپاى بەعس" و "سوپاى پاسداران" بۆ داگیرکردنى خاکى کوردستان تاوانبار دەکەن. یەکێتى ئەو ڕووداوە بە "خیانەتی مێژوویی" ناو دەبات، پارتییش لە وەڵامدا دەڵێت "لووتكەی خیانەت 16ی ئۆكتۆبەر بوو".

مەكتەبی ڕاگەیاندنی یەكێتی لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "ئەمڕۆ یادی خەمی نیشتمانی و كارەساتی نەتەوەیی 31ی ئابە، كە شەڕی ناوخۆ و ناكۆكیی سیاسی لە وڵاتەكامانی گەیاندە لووتكە و خیانەتێكی مێژوویی لێ كەوتەوە".

لە ڕاگەیەندراوەكەی مەكتەبی ڕاگەیاندنی یەكێتیدا ئاماژە بەوە كراوە كە "لە 31-8-1996دا سوپای بەعسی فاشی، بە هاوكاری هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەولێری پایتەختی حوكمڕانیی كوردستانی داگیر كرد".

لە وەڵامدا، دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دەڵێت "31ی ئاب دەرئەنجام و كاردانەوەی هێنانی بە لێشاوی هێزی سوپای پاسدارانی ئێران بوو، لە لایەن یەكێتییەوە. 31ی ئاب وەڵام بوو بۆ ئەو داگیركاری و پەلامارە، بە كورتییەكەی (دفع الافسد بالفاسد) بوو".

دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی ئاماژە بەوە دەكات كە "لە شەوی 16 لەسەر 17ی ئابی 1996، سوپای پاسدارانی ئێران لە چەند قۆڵێكەوە پەلاماری خاكی كوردستانیان داوە".

پارتی لەگەڵ ئەوەشدا ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ی كەركووك و ناوچە دابڕێندراوەكانی دیكە بە "لووتكەی خیانەت" ناو دەبات و دەڵێت "بەشێكی یەكێتی بە ڕێككەوتنێكی ژێربەژێر، نیوەی خاكی كوردستانی بە كەركووكیشەوە تەسلیمی نەیارانی گەلی كوردستان كرد".