پارێزەرانی زیندانیانی بادینان: زیندانیان مان بشكێنن و بگوازرێنەوە بۆ چاكسازیی سلێمانی

01-09-2022 10:58

پەرەگراف

تیمی پارێزەرانی زیندانیانی بادینان داوا لە زیندانیانی مانگرتوو دەكات مانگرتن بشكێنن، داوا لە لایەنی پەیوەندیداریش دەكات ئەو سزادراوانەی بادینان بۆ چاكسازیی گەورانی سلێمانی بگوازرێنەوە لەپێناو "پاراستنی مافەكانیان".

تیمی پارێزەران جارێكی دیكە جەخت لە پێشێلكردنی مافەكانی ئەو سزادراوانە دەكاتەوە و دەڵێت "بە حوكمی ئەوەی ئەو لایەنە سیاسییەی لە پشت سزادانی زیندانیانی بادینانە، لە ھەولێر بەسەر ھەموو دامەزراوەیەكدا زاڵە، دەیان جار ئەو گیراوانە سزادراون، بێبەش كراون لە چەندین مافی سەرەتاییان".

تیمی پارێزەران لە بەیاننامەیەكدا كە ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار و ڕایگشتیی كردووە، باس لەوە دەكات كە "پێویستە ڕێكارە ئیدارییەكان بۆ گواستنەوەی زیندانیانی بادینان بۆ چاكسازیی گەورانی سلێمانی بكرێت، كە بۆ ئەو مەبەستە داواكەیان پێشكەشی بەڕێوەبەرایەتیی چاكسازیی ھەولێر كردووە، ئەمەش مافێكی ئاسایی و یاسایی خۆیانە".

ئەو پارێزەرانە ڕەخنەیان لە ئیدارەی چاكسازیی گەورانی هەولێر گرتووە كە "بە بیانووی جیاواز و نامەنتقی، ڕێگری لە پارێزەران و ئەندامانی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی كوردستان و دامەزراوەی دیكە دەكرێت سەرەدانی سزادراوانی بادینان بكەن".

تیمی پارێزەرانی زیندانیانی بادینان داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەكات كە ڕێگر بێت لە سزادانی زیندانیانی بادینان و وەكوو پرسێكی یاسایی و بەپێی پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت.

دوێنێ‌ 31-8-2022، بەشدار حەسەن، پارێزەری زیندانیانی بادینان، ئاشكرای كرد كە "شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گۆهدار زێباری، ئەیاز كەڕەم و هاریوان عیسا لە ڕێگای چاكسازیی گەورانی هەولێرەوە داواكارییەكیان ئاراستەی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی كردووە بۆ گواستنەوەیان بۆ چاكسازیی گەورانی سلێمانی".

بەشدار حەسن ئاماژەی بەوە كرد كە ئەو پێنج سزادراوەی بادینان "بەردەوامن لە مانگرتن و باری تەندروستییان ناجێگیرە".

سەبارەت بە داواكاریی ئەوان بۆ ئازادكردنیان بە مەرج، ئەو پارێزەرە وتی "ئەوان داواكارییەكەیان كشاندووەتەوە و ئەو كاتەی گوازرانەوە بۆ چاكسازیی سلێمانی، لەوێ‌ داواكاری بۆ ئازادكردنیان بە (ئیفراج شەرتی) پێشكەش دەكرێت".

هەر دوێنێ‌، دادگای كەتنی دەشتی هەولێر لەبارەی دۆسیەی پێنج سزادراوی شیلادزێوە بڕیاری دا و ڕایگەیاند "ئازادكردنی مەرجدار (ئیفراج شەرتی) نایانگرێتەوە".

بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "دادگای كەتن پاڵپشت بە بڕیارەكەی داواكاری گشتیی چاكسازیی گەورانی هەولێر، بڕیاری دا بە ڕەتكردنەوەی ئیفراج شەرتی (ئازادكردنی مەرجدار) بۆ هەریەك لە كۆڤان تاریق، نێچیرڤان بەدیع، ئەمجەد یوسف، مەحموود ناجی و یوسف شەریف".

بەشدار حەسەن وتیشی "هەفتەی داهاتوو لەگەڵ تیمی پارێزەران داواكاری بۆ پێداچوونەوە بە بڕیارەكەی دادگا پێشكەش دەكەین".

ئەو پارێزەرە جەختی كردەوە كە ئەو بڕیاری تەمیزییەی داواكاری گشتی و دادگای كەتن پشتیان پێ‌ بەستووە بۆ ڕەتكردنەوەی ئازادكردنی بەمەرجی پێنج چالاكەكەی شیلادزێ، پەیوەندیی بەو ماددەیەوە نییە كە ئەو پێنج كەسەی پێ‌ دادگایی كراون.

هەروەها بڕیارەكەی دادگای بە "سەرپێچیی یاسا" ناو برد و وتی "پێنج سزادراوەكەی شیلادزێ‌ بە ماددەی یەك لە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی كوردستان دادگایی كراون، ئەوەی ئەوان پشتیان پێ‌ بەستووە باس لە ماددەی سێ‌ لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەكات".

پێنج سزادراوەكەی شیلادزێ‌ نزیكبوونەتەوە لە تەواوكردنی سزاكەیان و ئەگەر بڕیاری ئازادكردنی مەرجداریان بۆ دەربكرایە، دەبوو لە 15-6-2022 ئازاد بكرێن، بەڵام لە ئێستادا پارێزەرەكەیان دەڵێت "سێ‌ مانگ و شتێك لە سزاكەیان ماوە".