دوای هەڕەشەی وەزیرکەی سەدر؛ خەزعەلی بڕیاری دا بە داخستنی سەرجەم نوسینگەکانی ھێزە چەکدارەکەی

01-09-2022 12:32

پەرەگراف

دوای ئەوەی وەزیرەکەی سەدر ھێرش و ھەڕەشەی تووندی ئاڕاستەی قەیس خەزعەلی کرد کە خۆی بێبەری بکات لە عەسائیبی ئەھلی ھەق، خەزعەلی بڕیاری دا بە داخستنی سەرجەم بارەگاکانی عەسائیب تا کاتێکی نادیار.

لە دوێنێوە شەڕو پێکدادانی چەکداریی لە نێوان عەسائیب و سەریا سەلامی ڕەوتی سەدر سەریھەڵداوەو کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.

ئەمڕۆش ساڵح محەممەد عێراقی، وەزیرەکەی سەدر هێرشی تووندی کردەسەر قەیس خەزعەلی و هۆشداری پێداو وتی "ئەی قەیس هۆشداریت پێدەدەم، ئەگەر جڵەوی میلیشیا بێ چاو و رووەکانت نەکەی، ئەگەر لە بکوژ و تاوانبارانی سەر بەتۆ خۆت بێبەری نەکەیت، یان نەیسەلمێنیت سەر بە تۆ نین، ئەوا تۆش بێ چاو و روویت".

"ئیدی بەسە بە سووک تەماشاکردنی خوێنی گەل جا هەر کەسێک بێت" وەزیرەکەی سەدر وای وت.

پاشان خەزعەلی لە وەڵامداو لە تویتێکدا بڕیاریدا سەرجەم نووسینگەکانی عەسائیب دابخات.