ڕێواز فایەق: ئەمە دووەم كابینەی حكوومەتە پرۆژەیاسای بوودجە نانێرتە پەرلەمان

01-09-2022 07:18

پەرەگراف

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە بەرانبەر نەناردنی پرۆژەیاسای بوودجە بۆ پەرلەمان، ڕەخنە لە كابینەی نۆیەمی حكوومەت دەگرێت و دەڵێت "بەداخەوە ئەمە دووەم كابینەی حكوومەتە بە بیانوو و پاساوی جیا جیا، ئەركی ئامادەكردنی پرۆژەیاسای بوودجە و ناردنی بۆ پەرلەمان جێبەجێ‌ نەكردووە".

لە دەستپێكی دانیشتنی ژمارە یەكی خولی پایزەی ساڵی چوارەمی خولی پێنجەمی پەرلەماندا، ڕێواس فایەق وتیشی "زیاتر لە نۆ ساڵە كۆكردنەوەی داهات و خەرجی لەم هەرێمەدا بەبێ‌ پشتیوانەی یاسایی بەڕێوە دەچێت، لە كاتێكدا دەبوو حكوومەت ئەم ئەركە لەگەڵ پەرلەمان بەش بكات و پێكەوە بەرپرسیارێتیی شێوازی خەرجی و هاوسەنگیی مافی شار و شارۆچكە و چین و توێژە جیاوازەكان لە ئەستۆ بگرێت".

سەرۆكی پەرلەمان جارێكی دیكە حكومەتی لەو "پابەندییە یاساییە" ئاگادار كردەوە و جەختی كردەوە "پێویستە پرۆژەیاسای بوودجە بنێرنە پەرلەمان و چیتر بەردەوامی بەم پێشێلكارییە یاساییە نەدەن".

لە وتاری دەستپێكردنەوەی دانیشتەكانی پەرلەمانی كوردستاندا، ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، تیشكی خستە سەر ئەوەی كە یاساگەلێكی تر هەن كە ئامانجی پەرلەمان بووە لەم خولەدا پەسەندیان بكات، بەڵام وەكو ئەو وتی "زەمینەیان بۆ نەڕەخسا، بەهۆی ئەو بارگرانییە داراییەی لە جێبەجێكردنیاندا دروست دەبێت، لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ڕەت كرانەوە".

لە گرنگترین ئەو پرۆژەیاسایانەی كە بە قسەی ڕێواس فایەق "ئامانجی پەرلەمان بووە پەسەندیان بكات"، پێشنیازەیاساكانی "بیمەی تەندروستی، بیمەی كشتوكاڵی، چاودێریی كۆمەڵایەتیی گشتگیر"ـە.

سەبارەت بە كارەكانی پەرلەمان لەم خولەدا، سەرۆكی پەرلەمان وتی "كۆی ئەو پێشنیاز و پرۆژەیاسا و بڕیارانەی تا ئەمڕۆ ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كراون، 132 پێشنیاز و پرۆژە بوون، 45یان یاساكارییان تێدا كراوە و بوون بە یاسا و بڕیارە یاسا، 54یان لەلایەن لیژنەی یاسایی، یان حكومەت، یاخود ئەنجوومەنی دادوەرییەوە ڕەت كراونەتەوە، 12یان تا ئێستا وەڵامیان لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە نەهاتووەتەوە، حەوتیان ئاراستەی لیژنەی یاسایی كراون بۆ بڕیاردان لەسەریان، 14یان ئێستا لەژێر پرۆسەی یاساكاریدان".

ڕێواز فایەق ئاماژەی بەوەش كرد كە "هیچ پرۆژە یان پێشنیازەیاسایەك لای دەستەی سەرۆكایەتی نییە و ئێمە لەسەدا 100ی ئەركی خۆمان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ جێبەجێ‌ كردووە".

سەبارەت بە بە هەڵبژاردن و خولی داهاتووی پەرلەمانیش كە ئەم خولە دوو مانگ وادەی یاسایی ماوە، سەرۆكی پەرلەمان جەختی لەوە كردەوە كە "بە ڕوونی لە ڕووی ژمارییەوە دیارە كە ڕۆژی 6-11-2022 كە وادەی تەواوبوونی ماوەی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانە، خولی شەشەم دەستبەكار نابێت".

سەرۆكی پەرلەمان ئەو دۆخەیشی بە "ئاڵنگارییەكی سیاسی و یاسایی" ناو برد و ڕایگەیاند "دەبێت بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ چارەسەركردنی و دروستنەبوونی بۆشایی یاسایی دامەزراوەكان بكەین، بۆ ئەو مەبەستەش، ئەركی هاوبەشمان دەكەوێتە ئەستۆ".

دەربارەی كاری داهاتووی پەرلەمان، سەرۆكی پەرلەمان پێی وایە "یاسای پێكهێنانی لیژنەی ئامادەكردنی ڕەشنووسی دەستوور، بابەتی هەڵبژاردن بە یاسا و كۆمیسیۆنەوە، لە پێش هەموو ئەركەكانەوەن". لەو ڕووشەوە پێشبینی و چاوەڕوانیی ئەوە بوو كە "لە ڕۆژانی داهاتوودا لە كۆبوونەوەی لووتكەی هێزە سیاسییەكان لە سەرۆكایەتیی هەرێم، ڕێككەوتن سەبارەت بە دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن و بابەتەكانی دیكەی پەیوەست بەم پرۆسەیە بكرێت".