دادگای فیدراڵی لەسەر دوو سكاڵای فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ دژی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە

02-09-2022 07:09

پەرەگراف

پەیوەست بە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێم، دادگای فیدراڵی بۆ دوو سكاڵای نەوەی نوێ‌ كە لەسەر سەرۆكی پەرلەمان تۆمار كراون، كۆدەبێتەوە. ڕاوێژكارێكی یاسایی پەرلەمانی كوردستان پێی وایە "دادگای فیدراڵی سكاڵاكە ڕەت دەكاتەوە".

بڕیارە ڕۆژی یەكشەممە 4-9-2022، دادگای فیدراڵی دانیشتنی یەكەم سەبارەت بە سكاڵایەكی سروە عەبدولواحید، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لە پەرلەمانی عێراق و سكاڵایەكی دیكەی چوار پەرلەمانتاری هەمان فراكسیۆن كە هەردوو سكاڵاكە پەیوەستن بە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم، كۆ ببێتەوە.

بەپێی خشتەی كاری دادگای فیدراڵی، بابەتی دۆسیەكە "تانەدانە لە دەستووریبوونی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2014ی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و هەڵوەشاندنەوەیەتی، بەو پێیەی پێچەوانەی دەستوورە".

لەوبارەیەوە دانا دارا، ڕاوێژكاری یاسایی پەرلەمانی كوردستان، بۆ پەرەگراف وتی "ئەو سكاڵایە لە ڕووی یاساییەوە ڕێك و تەواو نییە و باوەڕم وایە لە دادگای فیدراڵی ڕەت دەكرێتەوە".

ئەو ڕاوێژكارەی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند "بەپێی ماددەی 127ی دەستووری عێراق، هەرێمە فیدراڵییەكان مافی خۆیانە دەستەی سەربەخۆیان هەبێت".

دانا دارا بۆ پەرەگراف جەختی كردەوە كە "جگە لەو دەسەڵاتانەی كە تایبەتن تەنیا بە حكوومەتی ناوەند، لە نموونەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و دراو، هەرێمەكانیش دەتوانن دەسەڵاتەكانی دیكەیان هەبێت".

نەوەى نوێ داواى هەڵوەشاندنەوەى ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردن و ڕاپرسیى هەرێم دەکات، بە پاساوى ئەوەى ئەندامەکانی حیزبین و بە پشکپشکێنە بەسەر لایەنەکاندا دابەش کراون، داواش دەکات کە ئەنجوومەنى کۆمیسیاران لە دادوەرانى سەربەخۆ پێک بهێنرێت.