لە شەش مانگى یەکەمى ئەمساڵدا دەست بەسەر زیاتر لە ملیۆنێک تۆن کەرەستەى ماوە بەسەرچوودا گیراوە

02-09-2022 08:42

پەرەگراف

پشکنەرانی چاودێریی بازرگانی لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، لە هەر سێ پارێزگاى هەولێر و سلێمانى و دهۆک و ئیدارەى گەرمیان دەستیان بەسەر یەک ملیۆن و ٨٤ هەزار و ٧٦٤ تۆن کەرەستەى ماوەبەسەرچوودا گرتووە.

بەپێی ئامارەکان کە فەرمانگەی میدیاو زانیاریی بڵاویکردوونەتەوە، زیاتر لە سەدا ٧٠ی کەرەستە ماوەبەسەرچووە دەستبەسەرداگیراوەکان لەپارێزگای سلێمانی بوون.

ھەر لەو شەش مانگەدا لیژنەکانی پشکنین، ٣٨ هەزار و ١٠٩ جار سەردانی شوێنە بازرگانییەکانیان کردووە و یەک ھەزارو و ٦٥٠ حاڵەتى سەرپێچییان تۆمار کردووە.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەرى گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، دەڵێت: ئەگەر مادە و کەرەستەیەکى ماوەبەسەرچوو بدۆزرێنەوە، لیژنەکان ڕاستەوخۆ دەستى بەسەردا دەگرن و پسوولەى ماوەبەسەرچوون دەدرێتە خاوەنەکانیان و کەلوپەلەکەشیان دەبرێتە بەڕێوەبەرایەتیى چاودێریى بازرگانى تا دواتر لە ڕێگەى لیژنەى تایبەتەوە کە لە نوێنەرى قایمقامییەت و بەڕێوەبەرایەتیى چاودێرى وئاسایش پێک دێت، لە شوێنى تایبەت و دیاریکراو بسووتێنرێت یا بکرێتە ژێر خۆڵەوە.

بە پێى ڕێنماییەکان، سزاى بوونى مادە و کەرەستەى ماوەبەسەرچوو لە ٥٠ هەزار دینارەوە بۆ ٥ ملیۆن دینار دەست پێ دەکات. بەڕێوەبەرایەتییەکان دەسەڵاتى سزادانى تا ٣ ملیۆن دینار و داخستنى دووکان و مارکێتەکانیان بۆ ماوەى ٣ ڕۆژ هەیە. بەڵام سزاى لە ٣ملیۆنەوە بۆ ٥ ملیۆن و داخستنى بۆ ماوەى ١٠ ڕۆژ لە دەسەڵاتى بەڕێوەبەرى گشتییە و لەوە زیاتر لە دەسەڵاتی وەزیر دایە، یا ڕووبەڕووى یاسا دەکرێتەوە.

ئاماری سەردانی مەیدانی پشکێنەرانی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی لەسەر ئاستی پارێزگاکان بەم شێوەیەیە:

پارێزگاری هەولێر:

لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ ٩ هەزار و ٧٢٣ جار سەردانی شوێنە بازرگانییەکان کراوە،  ٥٠٧ حاڵەتی سەرپێچی تۆمار کراون ودەست بەسەر ١٦٦ هەزار و ٢٢٩ تۆن کەلوپەلی ئێکسپایەر گیراوە.

پارێزگاری سلێمانی:

لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ ١١هەزار و ٥٢٠ جار سەردانی شوێنە بازرگانییەکان کراوە و٨٥٠ سەرپێچی تۆمار کراون و دەست بەسەر٨٠٤هەزار و ٩٥ تۆن کەلوپەلی ئێکسپایەر گیراوە.

پارێزگاری دهۆك:

لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ ٩هەزار و ٦١٥ سەردانی شوێنە بازرگانییەکان کراوە و ١٥٢ سەرپێچی تۆمار کراون و دەست بەسەر ٨٨هەزار و ٨ تۆن کەلوپەلی ئێکسپایەر گیراوە.

ئیدارەی سەربەخۆى گەرمیان:

لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ ٧ هەزار و ٢٥١ سەردانی شوێنە بازرگانییەکان کراوە و ١٤١ سەرپێچی تۆمار کراون و دەست بەسەر ٢٦هەزار و ٤٣٢ تۆن کەلوپەلی ئێکسپایەر گیراوە.