ڕێواز فایەق: سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی دەربارەی جێبەجێنەكردنی یاساكان نەهاتنە بەردەم پەرلەمان

03-09-2022 04:27

پەرەگراف

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت "دەیان یاسا" گرفتی جێبەجێنەكردنیان هەیە و سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی ئامادە نەبوون بۆ پرساندن لەوبارەیەوە بچنە بەردەم پەرلەمان. دەشڵێت "بەبێ‌ ڕێككەوتنی هێزە پێكهێنەرەكانی حكوومەت، هیچ وەزیرێك متمانەی لێ‌ وەرناگیرێتەوە، چونكە دەنگ ناهێنێت".

ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لە كۆبوونەوە لەگەڵ ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە شاری سلێمانی، باسی لەوە كرد كە لە نزیكەی چوار ساڵی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان، ساڵێك و نۆ مانگ دانیشتنەكان بەڕێوە چووە و ئەو ماوەیەی دیكە بەهۆی كۆرۆنا، كێشەی سیاسی و پشووەكانی پەرلەمانەوە "بەبێ ئیش بەفیڕۆ چووە".

سەرەڕای ئەوەش سەرۆكی پەرلەمان وتی "لەم خولەدا هیچمان نەكردبێت، سەرباری هەوڵە هەنەلایەنەكان، نەماهێشتووە هیچ كام لەو یاسایانەی ماف و ئازادییەكان دەپارێزێت، لەوانە یاساكانی ڕێكخستنی خۆپیشاندان، ڕۆژنامەگەری و فەرمانگەی ڕێكخراوەكان، دەستكاری بكرێت"، بەڵام سەبارەت بە دەركردنی "یاسای باشتر" لەبارەی ماف و ئازادییەكانەوە، وتی "ناتوانم بەڵێنی ئەوە بدەم".

دەربارەی ئەو ڕەخنانەی كە لەبەر جێبەجێنەكردنی یاساكان لە پەرلەمان دەگیرێن، سەرۆكی پەرلەمان وتی "میكانیزمی چاودێریكردنی جێبەجێكردنی یاساكان بۆ پەرلەمان ئەوەیە سەرەتا پرسیار دەكەین بۆ جێبەجێ‌ نابێت؟ دواتر داوای كۆبوونەوە دەكەین و پاشان پرساندن".

"دەیان یاسا هەیە كە گرفتی جێبەجێكردنیان هەیە. پرساندنمان كرد سەبارەت بە جێبەجێنەكردنی كۆمەڵێك یاسا، بانگهێشتی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی كرا، نەهاتن"، ڕێواز فایەق وای وت.

ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، كە بۆ گفتوگۆ كێشە و لەمپەرە یاساییەكانی بەردەم كارەكانیان لەگەڵ ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی كۆبووەوە، پرسیاری دەربارەی هۆكاری جێبەجێنەكردنی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری لێ‌ كرا. لەوبارەیەوە ئاشكرای كرد كە هۆكارەكەی ئەوەیە كە حكوومەت ڕێنمایی بۆ جێبەجێكردنی دەرناكات.

"سكاڵایەكەم لەسەرە بەهۆی جێبەجێنەكردنی یاسای بەدەستهێنانی زانیاری. ئەم یاسایە ئەگەر ڕێنمایی پێ‌ دەرنەچێت، دامەزراوەی تایبەت بە جێبەجێكردنی كە دەستەی مافەكانی مرۆڤە، ناتوانێت جێبەجێی بكات. حكومەت ڕێنمایی دەرناكات، چونكە لە چوارچێوەی ئەو فەلسەفەی حكومەدا بۆچوونێك هەیە كە پێی وایە ئەم یاسایە زۆر زۆر كراوەیە، ئەگەر هەمواری بكەین، ڕێنمایی پێ‌ دەردەكات، منیش ئەو عەیبەیە ناهێنمە سەر خولی پێنجەمی پەرلەمان"، سەرۆكی پەرلەمان وای وت

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی كە بۆچی ئەم خولەی پەرلەمان متمانە لە هیچ وەزیرێك وەرناگرێتەوە لە كاتێكدا خەڵك لە حكوومەت ڕازی نییە؟ سەرۆكی پەرلەمان وتی "متمانە وەرگرتنەوە بە دەنگدانە و دەنگدانیش بە ژمارەیە. وەزیر بەبێ‌ ڕێككەوتنی هێزە پێكهێنەرەكانی حكوومەت متمانەی لێ‌ وەرناگیرێتەوە، چونكە دەنگ ناهێنێت".

ڕێواز فایەق باسی لەوەش كرد كە "زۆر جار ڕووداوێك ڕوو دەدات، بۆ لابردنی سەرنج لەسەر حكوومەت، پەلاماری پەرلەمان دەدرێت". پێیشی وا بوو كە "ئەوە هەر وا لەخۆڕا نییە و بەرنامە بۆ داڕێژراوە. هەر ئەم خولە نییە و خولەكانی دیەكەش بارودۆخی وا بووە".

سەرۆكی پەرلەمان جەختی كردەوە كە "بە بەردەوامی ئەوەی دەكرێتە ئامانج پەرلەمانە و ئەوەی دەپارێزرێت دەسەڵاتی جێبەجێكردنە. هۆكاریشی ئەوەیە كە پەرلەمان و سەرۆكەكەی تەلەفیزیۆنی نییە بەراورد بە دوو دەسەڵاتەكەی تر، حیزبەكانیش ڕۆڵیان لەو بابەتەدا هەیە و باشتر حكوومەت دەپارێزن وەك لە پەرلەمان".