چۆن سیستانی بە نهێنی ئاگری شەڕە ناوخۆییەكەی شیعەی كوژاندەوە؟

03-09-2022 06:26

پەرەگراف

ئاشكرا بوو كە ئاگری شەڕە ناوخۆییەكەی شیعە بە دەستوەردانێكی نهێنیی سیستانی كوژاوەتەوە، ئەویش پاش ئەوەی كە نامەیەكی نهێنیی ئاراستەی سەدر كردووە بۆ كۆتاییهێنان بەو خوێنڕێژییەی كە سەری هەڵداوە. دواجاریش سیستانی بە هەڵوێستێكی ئاشكرا "سەركۆنە"ی ڕووداوەكەی كرد.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێكدا نهێنیی پشت ڕاگرتنی شەڕەكەی ناوچەی سەوز لە نێوان بەرەی سەدر و بەرەی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشكرا دەكات، كە دواجار پیاوە ئایینییە ٩٢ ساڵەكە كلیلی ڕزگاربوونی عێراق بووە لە خلیسكانی بۆ ناو شەڕێكی خوێناوی.

لە ڕاپۆرتەكەدا باس لەوە كراوە كە دوای ئەوەی كازم حسێنی حائیری، مەرجەعی ئایینیی سەدرییەكان، بە وازهێنانی و ئاراستەكردنی لایەنگرانی بۆ شوێنكەوتنی خامنەیی، موقتەدا سەدری تووڕە كرد و بارودۆخەكەی گەیاندە شەڕ، تەنیا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكان لە عێراق، توانیی ئاڵۆزییەكان ڕابگرێت، بەوەش جارێكی دیكە سەلماندی كە هێشتا بەهێزترین پیاوە لە وڵاتەكەیدا.

بەپێی نزیكەی ٢٠ سەرچاوە لە بەرپرسانی حكومی و ڕەوتی سەدر و گرووپە شیعەكان كە بە مەرجی ناونەهێنانیان قسەیان بۆ ڕۆیتەرز كردووە، سیستانی بە نهێنی دەستوەردانی یەكلاكەرەوەی هەبووە بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ.

یەكێك لە سەرچاوەكان كە بەرپرسێكی حكوومەتی عێراقە، بە ئاژانسەكەی وتووە "سیستانی نامەیەكی بۆ سەدر ناردووە و تێیدا ئاماژەی بەوە كردووە، ئەگەر توندووتیژییەكان ڕانەگیرێن، خۆی ڕاستەوخۆ بەیاننامەیەك دەردەكات و داوای ڕاگرتنی پێكدادانەكان دەكات".

وەكوو ئەو بەرپرسە ئاماژەی پێ‌ كردووە، دەستوەردانی ڕاستەوخۆ و ئاشكرای سیستانی لە بارودۆخەكە، دەبووە هۆی ئەوەی موقتەدا سەدر لاواز دەربكەوێت، هاوكات وا دەردەكەوت كە سەدر خوێنڕێژییەكەی دەست پێ كردووە.

هەرچەندە چەند كەسایەتییەكی شیعە لە نەجەف كە نزیكن لە سیستانی، ناردنی وەها نامەیەكیان پشتڕاست نەكردووەتەوە، بەڵام ئاماژەیان بەوە كردووە "لە لای سەدر ڕوون بووە كە ئەگەر شەڕ و ئاڵۆزییەكان ڕانەگیرێن، سیستانی قسەی دەبێت".

بەرپرسێكی چوارچێوەی هەماهەنگییش بۆ ڕۆیتەرز جەختی كردووتەوە كە ئەگەر نووسینگەی سیستانی نەبووایە، موقتەدا سەدر كۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەكەی بۆ ڕاگرتنی شەڕەكە ئەنجام نەدەدا.

ئەمە لە كاتێكدایە كە دوێنێ ٢-٩-٢٠٢٢، نووری حسێن، نوێنەری عەلی سیستانی، لە پەیامێكدا هەڵوێستی مەرجەعی باڵای شیعەی ڕایگەیاند و وتی "پرسە و سەرەخۆشی و هاوسۆزیی جەنابی سەید عەلی سیستانیتان پێ دەگەیەنم، كە زۆر دڵتەنگ و بەداخە بۆ ئەوەی ڕووی دا".

نوێنەرەكەی سیستانی ئاماژەی بەوەش كرد كە لەلایەن سیستانییەوە ڕاسپێدراوە بە نوێنەرایەتیی ئەو ئامادەی پرسەی كوژراوەكان بێت و جەختی كردەوە كە "جەنابی سیستانی ڕازی نییە و سەركۆنەی ئەو كارە دەكات".

ڕۆژی 28ی ئەم مانگە، كازم حسێنی حائیری، مەرجەعی ئایینیی سەدرییەكان، بە پاساوی زۆریی تەمەن و نەخۆشی، وازهێنانی لە مەرجەعبوون ڕاگەیاند، بەڵام بەوەی كە داوای كردبوو لەمەودوا لایەنگرانی شوێن عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بكەون، موقتەدا سەدری تووڕە كرد.

پاش چەند كاتژمێرێك لە وازهێنانی حائیری، موقتەدا سەدریش وازهێنانی یەكجاریی لە كاری سیاسی ڕاگەیاند و بڕیاری داخستنی سەرجەم بارەگاكانی ڕەوتی سەدری دا، پاش ئەوەش لایەنگرانی لە ناوچەی سەوز كەوتنە جووڵە و بارگرژی سەری هەڵدا، كە دواتر بووە پێكدانی چەكداریی نێوان هێزەكانی سەرایا سەلامی ڕەوتی سەدر و گرووپەكانی سەر بە چوارچێوەی هەماهەنگی.

لەو شەڕەدا كە لە ناوچەی سەوزی یەغداد و چەند شوێنێكی دیكەش بۆ ماوەی نزیكەی 24 كاتژمێر بەردەوام بوو، ژمارەیەك كەس لە هەردوولا و خۆپیشاندەران كوژران، دواتر سەدر خۆی لە ڕووداوەكان بێبەری كرد و داوای ڕاگرتنی شەڕ و كۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانیشی كرد بە خۆپیشاندانی ئاشتییانەشەوە.